حیزبوڵڵای لوبنان: بە درۆن و مووشەک هێرشمان کردە سەر چەند بنکەیەکی ستراتیژی ئیسرائیل

 
رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و شارۆچکەکانی لوبنان، زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل و شوێنی کۆبوونەوەی سەربازان لە ناوخۆی ئیسرائیل و ناوچە سنوورییەکان کردووە.
 
لە زنجیرەیەک راگەیێندراودا کە بەرەبەیانی شەممە (14ـی ئاداری 2026) بڵاوکراونەتەوە، حیزبوڵڵای لوبنان وردەکاریی نۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خستووەتە روو کە بە درۆنی خۆتەقێن، مووشەکی بالیستی کراون
 
بەپێی راگەیێندراوەکان، حیزبوڵڵا لە رێگەی "پۆلێک درۆنی خۆتەقێنەوە" هێرشی کردووەتە سەر ستیلا ماریس، کە بنکەیەکی ستراتیژیی چاودێری و رۆژنامەوانیی دەریاییە لە کەناراوەکانی باکووری ئیسرائیل. هەروەها بنکەی عەین شێمەر: کە تایبەتە بە بەرگریی ئاسمانیی مووشەکی و 75 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنانەوە دوورە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوچەی "خەزیرە".
 
حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کردووە  لە رێگەی مووشەکی ئاراستەکراوەوە تانکێکی زرێپۆشی ئیسرائیلییان لە دەوروبەری گرتووخانەی "خیام" پێکاوە و تێکیانشکاندووە. هەروەها بە گوتەی خۆیان چەندین شوێنی کۆبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکانی وەک (مارۆن ئەلڕەس، خیام، و پێگەی بەڵات) بە مووشەک و کاتیۆشا بۆردوومان کراون.
 
حیزبوڵڵا راشیگەیاند کە بنکەی "عەین زێتیم" لە باکووری شاری سەفەد و چەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری ئیسرائیلیان بە چڕی مووشەکباران کردووە.
 
حیزبوڵڵا جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە "وەڵامێکە بۆ ئەو دەستدرێژییانەی کە کراونەتە سەر شار و شارۆچکەکانی لوبنان و گەڕەکی باشووری (زاحیە)ی بەیرووت."
 
تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل لەبارەی قەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشانە و تێکشکاندنی تانکە زرێپۆشەکە، هیچ زانیارییەکی فەرمیی بڵاونەکردووەتەوە.