ترەمپ دەڵێ، ژمارەیەک لە وڵاتان کەشتیی جەنگی دەنێرن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، چەندین وڵات بە هاوبەشیی ئەمریکا کەشتیی جەنگی دەنێرن بۆ کردنەوە و پاراستنی تەنگەی هورمز؛ ئاماژە بەوەش دەکات تەواوی توانای سەربازیی ئێرانیان لەنێوبردووە، بەڵام هۆشداری دا کە تاران هێشتا دەتوانێت کێشە دروست بکات.
 
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، نووسیویەتی: "زۆر لە وڵاتان، بەتایبەتی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی هەوڵی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا کەشتیی جەنگی دەنێرن بۆ ئەوەی تەنگەکە بە کراوەیی و سەلامەتی بهێڵنەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە سەرکەوتنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا کردەوە و دەڵێت: "ئێمە 100%ی توانای سەربازیی ئێرانمان لەنێوبردووە، بەڵام بۆ ئەوان ئاسانە درۆنێک یان دووان بنێرن، یان مینێک فڕێبدەن، یان مووشەکێکی کورت مەودا ئاراستەی شوێنێک بکەن لەم رێڕەوە ئاوییەدا، گرنگ نییە چەندە بە خراپی تێکشکێندراون."
 
ترەمپ ناوی چەند وڵاتێکی هێنا و هیوای خواست لەو ئەرکەدا بەشداری بکەن و گوتی: "هیوادارین چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، بەریتانیا و ئەوانی دیکە کە بەهۆی ئەم بەربەستە دەستکردە زیانیان بەرکەوتووە، کەشتی بنێرنە ناوچەکە بۆ ئەوەی تەنگەی هورمز چیدیکە نەبێتە هەڕەشە لەلایەن وڵاتێکەوە کە بە تەواوی لە پەلوپۆ خراوە."
 
ترەمپ هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی دەکات و نووسیویەتی: "لەم نێوەندەدا ئەمریکا بە سەختی بۆردوومانی کەناراوەکانی ئێران دەکات و بەردەوام بەلەم و کەشتییە ئێرانییەکان لەسەر ئاوەکە تێکدەشکێنێت. بە هەر رێگەیەک بێت، بەزوویی تەنگەی هورمز دەکەینەوە و سەلامەت و ئازادی دەکەین."