ترەمپ و شەرع لە ریاز کۆبوونەوە؛ ئەردۆغان و محەممەد بن سەلمانیش بەشداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا لە سعودیە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا کۆبووەوە. 
 
بەپێی میدیای فەرمیی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئۆنلاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە کە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەشی تێدابووە.
 
ئەمە یەکەم جارە لە ماوەی 25 ساڵدا، سەرۆکانی سووریا و ئەمریکا یەکدی ببینن. 
 
دوێنێ نووسینگەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کردبوو، کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ "سڵاوکردنێکە."
 
شەوی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکیدا لە لووتکەی سعودی - ئەمریکی لە ریاز رایگەیاند، سزاکان لەسەر سووریا هەڵدەگرێت.

 

 
بۆچی ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا کۆدەبێتەوە؟
 
دیداری دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دیدگەی شازادەی جێنشینی سعودیە، محەممەد بن سەلمان، بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
رووخانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا، وەکو شکستێک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەیر دەکرێت، ئەوەش دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ سعودیە تاوەکو هەژموونی ئێران لە جیهانی عەرەبیدا سنووردار بکات، بەڵام، تەنها لابردنی ئەسەد بەس نییە بۆ چەسپاندنی پێگەی سعودیە و تورکیا لە سووریا.
 
ئەوەی هەردوو وڵات پێویستیان پێیەتی، حکومەتێکی سەقامگیرە لەژێر سەرکردایەتیی شەرعدا کە توانای گێڕانەوەی ئاسایش و ئاسانکاری بۆ بووژانەوەی ئابووری و سەرکردایەتییکردنی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەی هەبێت کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە. 
 
هەڵگرتنی گەمارۆکانی 50 ساڵەی ئەمریکا لەسەر سووریا، کە دەگوترێت لەسەر داوای محەممەد بن سەلمان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بووە، رێگە بۆ وەبەرهێنانی گەورەی سعودیە و تورکیا لە سووریا خۆش دەکات.
 
کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا، پێشبینی دەکرێت سوودمەند بن لەو کرانەوەیە بەڕووی سووریادا. 
 
دیداری ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، رۆڵێکی گەورەی دەبێت لە بەخشینی شەرعیەتێکی نێودەوڵەتی بە ئەحمەد شەرع کە تاوەکو چەند مانگێک پێش ئێستا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلار لەسەر سەری بوو و لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بوو. هەروەها بەهۆی پەیوەندییەکانی پێشووی لەگەڵ قاعیدە، ناوی زڕابوو.