دۆناڵد ترەمپ لە قەتەرە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەیشتە دەوحە و لە فڕۆکەخانە لەلایەن تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەرەوە پێشوازیی لێکرا.
ئەو سەردانەی ترەمپ بۆ دەوحە، لە چوارچێوەی گەشتەکەیەتی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دوێنێ سەردانی سعودیەی کرد و بڕیارە دوای قەتەر، سەردانی ئیماراتیش بکات.
دوێنێ، دۆناڵد ترەمپ لە ریاز لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئەمڕۆش لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوەوە. لە کۆبوونەوەکەدا بن سەلمان ئامادە بوو و، ئەردۆغانیش بە ئۆنلاین بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد.
هەر ئەمڕۆ لە ریاز، دۆناڵد ترەمپ بەشداری لە لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کرد. لە لووتکەکەدا شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە؛ شێخ خالید بن محەممەد ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبووزەبی؛ شێخ میشعەل ئەحمەد جابر، ئەمیری کوێت؛ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، پادشای بەحرێن؛ ئەسعەد بن تاریق ئال سەعید، جێگری سەرۆکوەزیرانی عومان بۆ کاروباری ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بەشداربوون.
ڤیدیۆی فڕۆکە جەنگییەکانی قەتەر کە لە ئاسمان پارێزگاری لە فڕۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن pic.twitter.com/3yWldPn9AX
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 14, 2025
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا دەستپێکردووە و داوا لە سووریا دەکات، بچێتە نێو رێککەوتننامەی ئەبراهام. لەبارەی ئێرانیش، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.