رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا دەستپێکردووە و داوا لە سووریا دەکات، بچێتە نێو رێککەوتننامەی ئەبراهام. لەبارەی ئێرانیش، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ لە سعودیە بەشداریی لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو-ئەمریکا کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە لووتکەکەدا شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە؛ شێخ خالید بن محەممەد ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبووزەبی؛ شێخ میشعەل ئەحمەد جابر، ئەمیری کوێت؛ حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە، پادشای بەحرێن؛ ئەسعەد بن تاریق ئال سەعید، جێگری سەرۆکوەزیرانی عومان بۆ کاروباری ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو بەشداربوون.
"دەمەوێت لەگەڵ ئێران رێکبکەوم"
ترەمپ باسی لە پرسی چەکی ئەتۆمیی ئێران کرد و گوتی، دەیەوێت لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە تاران واز لە "پشتیوانیکردنی تیرۆر" بهێنێت و "ئەو جەنگە خوێناوییە بووەستێنێت کە لە رێگەی هێزە بەوەکالەتەکانیەوە دەیکات."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، ئێران "دەبێت بەشێوەیەکی هەمیشەیی و سەلمێندراو دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت. ئەوان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
لەبارەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەش، ترەمپ گوتی، "داوا لە هەموو وڵاتان دەکەم بەتەواوەتی ئەو سزایانە جێبەجێ بکەن کە خستوومەتە سەر ئێران، هەروەها ئێمە سزای لاوەکیش بەسەر ئێراندا دەسەپێنین کە لە هەندێک رووەوە زۆر وێرانکەرتر دەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە رووبەڕووبوونەوەی حەماس و حیزبوڵڵا لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی، ئەگەر ئەو لە کۆشکی سپی بووایە، ئەوا هێرشی حەماس و حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل رووینەدەدا.
"پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا ئاسایی دەکەینەوە"
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی سووریای نوێ کرد و گوتی، "ئێستا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا." ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەیە کە دەفەتێکی نوێ بە حکومەتی نوێی دیمەشق بدات.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ترەمپ لە گوتارێکی دا ئاماژەی بەوە کرد، سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت و گوتی، "خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆری چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی."
پێش دەستپێکردنی لووتکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو-ئەمریکا، ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. کۆشکی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ هانی سەرۆکی کاتیی سووریای داوە ژمارەیەک هەنگاو بگرێتەبەر.
بەگوێرەی کۆشکی سپی، ترەمپ داوای لە شەرع کردووە، بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، رێککەوتنی ئەبراهەم واژۆ بکات، بەرپرسیارێتیی شوێنی مانەوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بگرێتە دەست، چەکدارە بیانییەکان لە سووریا دەربکات و بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بکات.
راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی روونیکردووەتەوە، ئەحمەد شەرع سوپاسی ئەردۆغان و بن سەلمانی کردووە بۆ رێکخستنی دیدارەکە و داوایشی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردووە لە وڵاتەدا وەبەرهێنان لە بواری نەوت و گازدا بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش، دیداری ئەحمەد شەرع و ترەمپی بە "مێژوویی" ناوبرد و دەڵێت، باسیان لە گرنگییی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا کردووە.
باسی لەوەش کردووە، لە دیدارەکەدا باس لە پێویستیی ئاوەدانکردنەوەی سووریا کراوە. ئاماژە بەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا باس لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەرچوونی گرووپە چەکدارە بیانییەکان لە سووریا کراوەتەوە، ئەوەش لەپێناو سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
"زیاتر لە هەزار و 100 ئامانجی حووسییەکانمان پێکاوە"
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر حووسیەکان کرد و گوتی، "لە ماوەی رابردوودا، زیاتر لە هەزار و 100 ئامانجی حووسییەکانمان لە یەمەن پێکاوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی وڵاتان نەیانتوانیوە لە چەندین ساڵدا بیکەن، ئەو توانیویەتی بیکات و هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و عەدەن رابگرێت.
رۆژی 7ـی ئەم مانگە، بە نێوەندگیریی عومان، ئەمریکا و حووسییەکانی یەمەن لەسەر ئاگربەست رێککەوتن، چەکداران چیدی کەشتیی بازرگانی لە رێڕەوە ئاوییەکان ناکەنە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی دەوەستێنێت.
دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، حووسییەکانی یەمەن لە کۆتاییەکانی 2023 دەستیان کرد بە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
بەڵام هێرشی حووسییەکانیش بێ وەڵام نەمانەوە، هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمان چەندین هێرشیان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کردووە و زەرەر و زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ