ترەمپ: سەرۆکی سووریا پشتیوانیی لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا پشتیوانیی خۆی بۆی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە؛ دەشڵێت، ئەوان کاری زۆریان هەیە بیکەن.
رۆژی چوارشەممە، 14-05-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی ئێیەر فۆرس وەن، کاتێک بەرەو قەتەر بەڕێوەبوو گوتی: "من پێیمگوت [ئەحمەد شەرع]، هیوادارم بەشداریی لە رێککەوتنی ئەبراهام بکەن، دوای ئەوەی خۆتان رێکخستەوە، ئەویش گوتی بەڵێ، بەڵام کاری زۆریان لەپێشە بیکەن."
سەرۆکی ئەمریکا لە وەسفی ئەحمەد شەرع گوتیشی: "ئەو کەسێکی گەنج، رووخۆش، شەڕکەر، بەهێزە و رابردوویەکی بەهێزی هەیە. ئەو دەرفەتی راستەقینەی لەپێشە بۆ ئەوەی هەموو شتێک رێکبخاتەوە."
دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ:
ترەمپ: زۆر باشە، پێموایە زۆر باشە. [ئەو] گەنجە، کەسێکی رووخۆشە، پیاوێکی بەهێزە. رابردوویەکی بەهێزی هەیە. رابردوویەکی زۆر بەهێز. شەڕکەرە. ئەو دەرفەتێکی راستەقینەی هەیە بۆ ئەوەی هەموو شتێک رێکبخاتەوە.
رۆژنامەڤان: پێتوایە سووریا دەبێتە بەشێک لە رێککەوتننامەکانی ئەبراهام؟
ترەمپ: "بەڵێ، بەڵام پێموایە پێویستە خۆیان رێکبخەنەوە. من پێیمگوت [ئەحمەد شەرع]، هیوادارم ببیتە بەشێک لەو رێککەوتنە کاتێک کە خۆتان رێکدەخەنەوە و ئەویش گوتی، بەڵێ. بەڵام ئەوان کاری زۆریان لەبەردەمدایە."