ئەمریکا و قەتەر رێککەوتنێکی 1,2 تریلیۆن دۆلارییان واژۆکرد


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لە سەردانێکی بۆ قەتەر، رێککەوتنێکی ئابووری بە بەهای لانیکەم 1.2 تریلیۆن دۆلار لەگەڵ ئەو وڵاتە کرد. ترەمپ رایگەیاند، رێککەوتنێکی ئابووری بە بەهای زیاتر لە 243.5 ملیار دۆلار لە نێوان ئەمریکا و قەتەر واژۆکراوە، کە یەکێکیان بریتییە لە فرۆشتنی فڕۆکەی بۆینگ بە قەتەر.
 
رۆژی چوارشەممە 14-05-2025 کۆشکی سپی رایگەیاند، "ئەم رێککەوتنە گرنگانەی ئەمڕۆ دەبنە هۆی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ چەندین نەوە، ئەمریکا بەرەو سەردەمێکی زێڕینی نوێ دەبەن."
 
لە گرنگترین رێککەوتنەکان، گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکانی بۆینگ و جی ئی ئێرۆسپەیس بوو لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی قەتەر ئێیەر وەیز. 
 
رێککەوتنێکی 96 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی نزیکەی 210 فڕۆکەی بۆینگی 787 دریملاینەر و 777 ئێکس کە بە بزوێنەرەکانی جی ئی ئێرۆسپەیس کار دەکەن. ئەمەش گەورەترین رێککەوتنە لە مێژووی بۆینگدا. ئەم رێککەوتنە مێژووییە ساڵانە پشتگیریی 154 هەزار هەلی کاری ئەمریکی دەکات، کە بەگشتی دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کار لە ماوەی بەرهەمهێنان و گەیاندنی ئەم رێککەوتنەدا.
 
لە بواری بەرگریشدا، کۆمپانیای رایتیۆن رێککەوتنێکی بە بەهای یەک ملیار دۆلار بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی دژە- درۆن لەلایەن قەتەرەوە  کرد، کە لەلایەن حکومەتەکانی ئەمریکا و قەتەرەوە واژۆ کراوە؛ هەروەها کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکس رێککەوتنێکی نزیکەی دوو ملیار دۆلاری بۆ کڕینی سیستمی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان MQ-9B لەلایەن قەتەرەوە مسۆگەر کرد.
 
ئەمریکا و قەتەر رایانگەیاند، نیازیان هەیە پەیوەندییە ئەمنییەکانیان زیاتر بەهێز بکەن، کە دەگاتە زیاتر لە 38 ملیار دۆلار لە وەبەرهێناندا، لەوانەش پشتگیری بۆ بنکەی ئاسمانیی عودەید.
 
ئەمریکا و قەتەر پەیوەندییەکی بازرگانیی بەهێزیان هەیە. ئەمریکا لە ساڵی 2024 دا دوو ملیار دۆلار زیادەی بازرگانی لەگەڵ قەتەردا هەبووە و لە ساڵی 2003ـەوە هاوسەنگییەکی ئەرێنیی بازرگانیشی لەگەڵ وڵاتەکەی کەنداودا هەبووە.
 
لە ساڵی 2024ـدا، بازرگانی نێوان ئەمریکا و قەتەر گەیشتە 5.64 ملیار دۆلار،؛ کە 3.8 ملیار دۆلار هەناردەی ئەمریکی و 1.8 ملیار دۆلار هاوردەی قەتەری بوو.
 
قەتەر، کە سێیەم گەورەترین یەدەگی سروشتیی گازی جیهانی هەیە، وەبەرهێنانی گرنگی لە ژێرخانی وزەی ئەمریکادا کردووە. لە ساڵی 2019ـەوە، قەتەر ئینێرجی 18 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتی وزەی ئەمریکادا کردووە.
 
ترەمپ پێشتریش چەندین تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانی لە ئەمریکا راکێشابوو، ئەم رێککەوتنە نوێیەش لە دوای رێککەوتنی 600 ملیار دۆلاری لە سعودیە دێت کە رۆژی پێشتر راگەیێندرابوو.