وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ ئێران: لە هێرشەکانتان بەردەوامبن، گڕ لە تاران بەردەدەین

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەڵێت، "لە هێرشەکانتان بەردەوامبن، گڕ لە تاران بەردەدەین."
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13-06-2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی وڵاتەکەش کوژران.
 
ئێران هەمان رۆژ بە دەیان مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. 
 
ئەمڕۆ شەممە 14ی حوزەیرانی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "سزادانی رژێمی زایۆنیی بۆ زیندووکردنەوەی شانازیی نەتەوەییمان و گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلەکەمان بە شێوەیەکی سرووشتی پێویست بوو؛ بۆیە بەگوێرەی فەرمانی فەرماندەی گشتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، هەنگاو بۆ سزادانی ئەم دەسەڵاتە گیرایەبەر." 
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداریێکی بە ئێران دا و گوتی، "دیکتاتۆرەکانی ئێران هاووڵاتییانی وڵاتەکە دەکەنە بارمتە" و ئەوان وادەکەن هاووڵاتییانیان بەتایبەتی دانیشتووانی تاران "باجێکی قورس" بدەن بەهۆی هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل.
 
هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی بەردەوامە. سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، دەیان درۆنی ئێران بەرەو ئیسرائیل بەڕێگەوەن و ئەوانیش بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی پێگە دەستنیشانکراوەکانی ئێران.