سوپای ئیسرائیل برینداربوونی 7 سەربازی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سوپای پاسداران، 7 سەربازیان بریندار بوون.
 
رۆژی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، گوتەبێژێک بەناوی سوپای ئیسرائیل گوتی: "شەوی رابردوو 7 سەرباز لە نێوەڕاستی ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی ئێران بە سووکی بریندار بوون."
 
بارەگەی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی گشتیی سوپای ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤن کە دەکەوێتە نێوەڕاستی ئیسرائیل. 
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. لە بەرامبەردا ئێران بە دەیان مووشەک و 100 درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. 
 
هەردوولا لەوکاتەوە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتری بەردەوامن. 
 
ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ بەئامانجکردنی پێگە ئێرانییەکان بەردەوامن. هەروەها گوتی، لە شەوی رابردووەوە دەیان مووشەک لە ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون و هەندێکیان خراونەتە خوارەوە.
 
میدیای ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورە لە تاران و چەندین پارێزگای دیکە بیستراوە.