ئیسرائیل: رێڕەوێکی سەلامەتی ئاسمانیمان لە رۆژئاوای ئێرانەوە تاوەکو تاران دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، رێڕەوێکی سەلامەتی ئاسمانییان لە رۆژئاوای ئێرانەوە تاوەکو تاران دروستکردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا لە چەند شوێنێکی ئێران خەریکی بۆردوومانکردنن.
 
رۆژی شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، ئیفی دێفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە سەربەستیی جووڵەی ئاسمانیمان لە رۆژئاوای ئێرانەوە تاوەکو دەگاتە تاران فەراهەم کردووە."
 
گوتەبێژەکەی سوپا دەڵێت، "تاران چی دیکە پارێزراو نییە" و گوتیشی، سوپا شەوی رابردوو "هێرشێکی بەرفراوانی بە بەشداریی زیاتر لە 70 فڕۆکەی جەنگی ئەنجام دا و ئامانجەکانی لە تاران کردە ئامانج."
 
ئیفی دێفرین جەختی لە بەردەوامی هێرشەکان کردەوە و گوتی، ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانیان خەریکی بۆردوومانکردنی ژمارەیەک پێگەی نێو ئێرانن. 
 
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوشت. لە بەرامبەردا ئێران بە 150 مووشەک و 100 درۆن هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. 
 
هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسداران بووە هۆی برینداربوونی لانیکەم 60 کەس کە 7 کەسیان سەربازن. 
 
شەوی رابردووش باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، هێرشەکەی ئیسرائیل بووەتە هۆی ئەوەی 78 کەس بکوژرێن و زیاتر لە 320 کەسی دیکەش بریندار بن
 
لەوکاتەوە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتری بەردەوامە.