وەزیری بەرگریی ئەمریکا: دەبێت ئێران هۆشیار بێت و سەرنجەکەی نەخاتە سەر ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، بە وردیی چاودێریی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و هۆشداریش بە ئێران دەدات کە سەرنجەکانی نەخاتە سەر وڵاتەکەی.
رۆژی شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "بە وردیی چاودێریی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" و زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتیشی: "پارێزگاری لە ستاف و بەرژەوەندییەکانمان دەکەین. هەر کارێک دەکەین پێویست بێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی سەربازەکانمان و بنکەکانمان پارێزراو دەبن".
ئەر بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا هۆشداری بە ئێران دا و گوتی: "دەبێت ئێران هۆشیار بێت و سەرنجەکەی نەخاتە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان".
دوێنێ، ئیسرائیل بە 200 فڕۆکە و ژمارەیەک درۆن دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کرد، دواتر ئێران دەستی بە وەڵامدانەوەی هێرشەکە کرد و مووشەکبارانی ئیسرائیلی کرد.
میدیای فەرمی ئێرانیش بڵاویکردەوە، بەرپرسانی وڵاتەکەیان هۆشداریان بە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا داوە کە بەرگری لە ئیسرائیل نەکەن لە هەر هێرشێکی نوێی داهاتوودا.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "چارەسەرێکی ئاشتییانەمان دەوێ و دەرفەتی دانوستاندن ماوە".
دەستپێکردنی ئەو شەڕە لەکاتێکدایە، بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت شەشەم گەڕی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران بەڕێوەبچێت، بەڵام هێشتا نازانرێ دانوستاندنەکە دەکرێ یان نا.