زنجیرەیەکی دیکەی مووشەکەکانی ئێران گەیشتنە ئیسرائیل


رووداو دیجیتاڵ 
 
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەیان دەستی بە وەشاندنی گورزێکی دیکە کردووەتەوە بۆ سەر ئیسرائیل کە درۆن و مووشەکی تێدا بەکارهێناوە.
 
ئەمشەو شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا وەشاندنی گورزێکی دیکەی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و تێیدا هاتووە، "زنجیرە هێرشێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانەی تێکەڵاو بە کۆمەڵێک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەناوی 'سادق 3' و بە کۆدی 'یا عەلی ئیبن ئەبی تاڵیب'، لە ئێوارەی جەژنی غەدیردا لەلایەن هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانەوە وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییە دووبارەکانی رژێمی زایۆنی، دەستیپێکرد."
 
هاوکات میدیای فەرمیی ئێران دەڵێت: دەستیان بە هێرش کردووەتەوە و دەیان مووشەک لە شیراز و ئەسفەهانەوە رووەو ئیسرائیل هاوێژراون.
 
هاوکات میدیای ئیسرائیل رایگەیاندووە، ئێران شاری حەیفای کردووەتە ئامانج. دواتریش داوای لە دانیشتووانی شارەکە کرد لە پەناگەکان بچنە دەرەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە.
 
 
بەپێی میدیای ئیسرائیلی کە لە زاری فریاکەوتنی وڵاتەکەوە بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی هێرشی ئەم جارەی ئێران کەسێک کوژراوە و 20 کەسیش بریندار بوون. ئەوە بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی.
 
هاوکات ئیسرائیل کۆگەی سووتەمەنی لە تاران کردووەتە ئامانج و دووکەڵ و ئاگرێکی زۆر دەبیندرێت.