ئوردن ئاسمانەکەی بەڕووی فڕۆکەی مەدەنیدا کردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئوردن رایگەیاند، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەی مەدەنیدا کردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە بە شێوەیەکی کاتی داخرابوو.
 
دەستەکە رایگەیاندووە، ئاسمانی ئوردن کاژێر 07:30 خولەکی بەیانی بەکاتی ناوخۆ [هەمان کاتی هەولێر] کراوەتەوە.
 
ئەم هەنگاوە دوای رۆژێک دێت لە راگرتنی گەشتەکان بەهۆی ئەو پێکدادانە سەربازییەی کە ناوچەکەی هەژاندووە.
 
پێشتر محەممەد مۆمەنی، گوتەبێژی حکومەتی ئوردن رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی رێگە نادات ئاسمانەکەی پێشێل بکرێت و ناشبێتە "گۆڕەپانی شەڕ بۆ هیچ ململانێیەک."
 
ئەم بڕیارەی ئوردن لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لەڕووی جوگرافییەوە لە پێگەیەکی زۆر هەستیاردایە؛ وەکو هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکا و وڵاتێک کە پەیماننامەی ئاشتیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، لەنێوان دوو دووژمنی سەرسەختی یەکدیدا گیری خواردووە.
 
داخستنی ئاسمانی ئوردن، کاردانەوەیەکی راستەوخۆ بوو بەرامبەر بەو هێرشە مووشەکییانەی کە لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا کران، چونکە ئاسمانی ئوردن رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ هەر هێرشێکی ئاسمانی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.