مەترسی هەیە 48 کاژێری دیکە هەموو نەخۆشخانەکانی غەززە لەکار بکەون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززە زەنگە مەترسیی لێدا و رایگەیاند، ئەگەر هەیە تاوەکو 48 کاژێری دیکە سەرجەم نەخۆشخانەکانی غەززە لەکار بکەون. سەرۆکی ئەمریکاش داوای پاراستنی نەخۆشخانەکان دەکات.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، "لەبەر کەمبوونەوەی بەرچاوی سووتەمەنی، پێشبینیی دەکەین 48 کاژێری دەیکە هەموو نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە لەکار بکەون." گوتیشی، "لەباکووری غەززە کەرتی تەندروستی بەتەواوی وێران بووە."
رۆژی دووشەممە لە کۆشکی سپی لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە پرسیار لە بایدن کرا، کە ئایا لە بارەی نەخۆشخانەکانەوە نیگەرانیی خۆی بە ئیسرائیل گەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "پێویستە نەخۆشخانە بپارێزرێت،" هەروەها گوتی، لەسەر ئەم پرسە "لەگەڵ ئیسرائیلییەکان لە پەیوەندیی بەردەوام"دایە. هیواخوازبوو ئیسرائیل هەنگاوی کەمتر بۆ چوونە نێو نەخۆشخانەی شیفا بگرێتەبەر.
دوێنێ دووشەممە، تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "لەدوایین پەیوەندیمان لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە، پێمان راگەیێندرا کە نەخۆشخانەکە سێ رۆژە بێ کارەبا، ئاو، سووتەمەنی و ئینتەرنێتە. بەوجۆرە، بەداخەوە رایدەگەیێنین کە نەخۆشخانەکە چیدیکە وەک نەخۆشخانەیەک کارناکات و لەکار کەوتووە."
لە بڵاوکراوەکەی ئەدهانۆمدا هاتووە، "نابێت جیهان بێدەنگ بێت. لەکاتێکدا نەخۆشخانەکان دەبێت سەلامەت بن، بوونەتە شانۆی مردن، بێچارەیی و وێرانکاری. بەشێوەیەکی تراژیدی و بەرچاو ژمارەی مردنی نەخۆش و بریندارەکان روو لەزیادبوونە. شەڕ و ئاژاوەی دەرەوەی نەخۆشخانەکە دۆخی مەترسیداری نەخۆشخانەکەی خراپتر کردووە."
رۆژی شەممە، 11-11-2023، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاند، "بەهۆی نەمانی سووتەمەنی و کارەباوە، سێ کۆرپە گیانیان لەدەستداوە و ژیانی 36 کۆرپە کە پێش وادەی خۆیان لەدایکبوونە و پێویستییان بە ئامێری هەناسەدانە لە مەترسیدایە. هەروەها هەر بەهەمان هۆکار چوار نەخۆشمان لەدەستداوە."
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، "خەڵک لە نێو نەخۆشخانەکان گیریان خواردووە و لەبەر شەڕی دەرەوەی نەخۆشخانەکە ناتوانن بێنە دەرەوە، ئامێری شووشەی منداڵە ناکامەکان لەکارکەوتوون، کارەبا و کەرەستە زۆر پێویستەکان لە لێواری تەواوبوون و نەمانن."
لەبارەی ئەو بڵاوکراوەیە، ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆکی ئیسرائیل بە میدیای بەریتانیای راگەیاند: "هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە، کارەبا لە نەخۆشخانەی شیفا هەیە، هەموو شتێک کاردەکات. حەماس چەواشەکاریی دەکات."
لە نوێترین دەرکەوتن و لێدوانیدا درەنگی شەوی یەکشەممە، 12-11-2023، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنییدا رایگەیاند، "ئێمە سووتەمەنیمان بە نەخۆشخانەی شیفا دا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە قسەمان کرد کە بێن 300 لیتر سووتەمەنی ببەن کە تەنیا 300 مەتر لە نەخۆشخانەکە دوور بوو. ئێمە هێشتا چاوەڕێی بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکە دەکەین بێت ئەو سووتەمەنییە ببات، بەڵام بەرپرسانی حەماس گوشار لە نەخۆشخانەکە دەکەن کە سووتەمەنییەکە نەبەن."
دانیێڵ هەگاری لەبارەی رەوشی منداڵ و نەخۆشەکانی نێو نەخۆشخانەی شیفا رایگەیاند: "لەگەڵ سەرکردەکانی نەخۆشخانەی شیفا قسەمان کردووە و ئامادەییمان دەربڕیوە کە منداڵە تازە لەدایکبووەکان بگوازینەوە نەخۆشخانەیەکی سەلامەت، هەروەها پێمان راگەیاندوون کە ئیسرائیل ئامادەیە سووتەمەنی بۆ چەند مەبەستێکی گرنگ و تایبەت دابین بکات."
میدیای فەلەستین لە زاری خەڵکی نێو نەخۆشخانەکە و بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە رایگەیاند، "قسەکانی ئیسرائیل راست نین، هێزەکانی ئیسرائیل لەبەردەم نەخۆشخانەکە خەریکی شەڕ و تەقەکردنن، کەس ناتوانێت بچێتە دەرەوە و کارەبا و سووتەمەنی نییە."
کۆی گشتی ئەوانەی کە لە سەرەتای ئەم جەنگەوە لە کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون گەیشتووەتە لانیکەم یازدە هەزار و 240 کەسە کە لەنێویاندا لانیکەم چوار هەزار و 630 منداڵ و سێ هەزار و 130 ژن هەن. هەروەها لانیکەم 27 هەزار و 490 کەسی دیکە بریندار بوون.
لە کەرتی رۆژئاواش لانیکەم 183 فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون کە 44 منداڵ و ژنیان لەنێودایە، هەروەها زیاتر لە دوو هەزار و 400ی دیکەشیان بریندار بوون.
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لە ئیسرائیلیش تاوەکو ئێستا هەزار و 200 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 600ی دیکەش برینداربوون.