قوتابخانەکانی یەمەن بەدەست قەرەباڵخی و نەبوونییەوە دەناڵێنن


رووداو دیجیتاڵ 

بەشێکیان بە پێخاوسی، نەبوونی تیانوس و بەرگی پێویستەوە دەچنە قوتابخانە. چەندین کێشە بەرۆکی قوتابخانەی ریبات غەربی لە باشووری یەمەن و قوتابخانەکانی دیکەی وڵاتەکەی گرتووە.
 
محەممەد مەرداحی، جێگری بەڕێوەبەرە و دەڵێت، "یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی قوتابییان ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر قوتابی لە پۆلێکدان و پۆلەکانیش ئامێر و کەرەستەی پێویستیان تێدا نییە. فێنککەرەوەمان نییە و کارەباش زۆر کەمە. ئەمە جگە لە بێ ئاوی."
 
نەبوونی بینا یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان. بە گوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، بەهۆی گرژییەکان و شەڕی ناوخۆوە لانیکەم سێ هەزار قوتابخانە خاپووربوون. ئەمەش وایکردووە گوشار بکەوێتە سەر قوتابخانەکانی دیکە بۆ وەرگرتنی قوتابیی زیاتر.
 
سوعاد ساڵح، مامۆستایە، دەڵێت: "کاتێک پۆلێک زیاتر لە 105 قوتابی یان 110 قوتابی تێدابێت، دەتوانیت چی بکەیت؟ نابێت پۆل زیاتر لە 40 قوتابی تێدابێت کە خۆی دەبێت 30 یان کەمتر بێت بۆ ئەوەی بتوانیت بە باشی هەڵیان بسەنگێنیت".
 
بەهۆی قەرەباڵخی و شەڕەوە بەشێکی قوتابییان قوتابخانەیان جێهێشتووە. 
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە یەمەن 10 ملیۆن و 100 کەس لە تەمەنی خوێندندان، بەڵام چوار ملیۆن و 500 هەزاریان وازیان لە خوێندن هێناوە.
 
شەڕ ناوە ناوە خوێندن لە بەشێکی ناوچەکانی وڵاتەکە رادەگرێت و مامۆستاکانیش هۆشداری لە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەدەن.
 
فاتیحە عەفیفی، بەڕێوەبەرە و ئاماژە بەوە دەکات، "راگرتنی قوتابخانەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی ئەم نەوەیە دەبێت. هەموو نەوەکە بەدەست کەم توانایی لە خوێندنەوە و نووسین دەناڵێنن کە ئەمەش کارەساتە". 
 
لە یەمەن 40 ملیۆن کەس دەژین؛ لەو ژمارەیە 19 ملیۆن و 500 هەزارییان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.