لە دەریای سوور هێرشکرایە سەر کەشتییەکی ئەمریکی
رووداو دیجیتاڵ
سێنتکۆم دەڵێت حووسییەکان هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی ئەمریکی و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. ئاژانسی ئاسایشی دەریایی بەریتانیاش دەڵێت هێرشەکە لە ئاسمانەوە بووە.
رۆژی دووشەممە، 15-1-2024، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ کاژێر 4:00 بە کاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن بە مووشەکی بالیستیی دژە کەشتی، هێرشیانکردە سەر کەشتییەک لە دەریای سوور."
سێنتکۆم دەڵێت، کەشتییەکە ناوی (گیبراڵتار ئیگڵ)ـە و ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی بەسەرەوە بووە و خاوەنەکەی ئەمریکییە.
بەگوێرەی سێنتکۆم، هیچ راپۆرتێکی کوژران و برینداربوون لە کەشتییەکەوە تۆمارنەکراوە و کەشتییەکە لە گەشتەکەی بەردەوامە.
لە درێژەی بڵاوکراوەکەدا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت: "دوو کاژێر پێش ئەو هێرشە، مووشەکێکی بالیستیی دژە مووشەکی دیکە ئامادەکرابوو ئاراستەی کەشتییەکانی باشووری دەریای سوور بکرێت، بەڵام نەتوانرا مووشەکەکە ئاراستە بکرێت و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو."
لەبارەی ئەو هێرشەوە ئاژانسی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند: "لە ئاسمانەوە بە مووشەک هێرشکراوەتە سەر کەشتییەکی ئەمریکی."
کۆمپانیای ئامبرێی بەریتانی کە تایبەتە بە ئاسایشی دەریایی دەڵێت، ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
تائێستا حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو هێرشە رانەگەیاندووە.
رۆژی 12-1-2024، سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوبەشیی چەند وڵاتێکی دیکە چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا و بەریتانیا هۆشدارییان دابووە گرووپە یەمەنییەکە هێرشەکانی لە دەریای سوور بووەستێنێت.
دوای هێرشەکە، کاردانەوەکان دەستیانپێکرد و حووسییەکان رایانگەیاند، "ئەمە بێ وەڵام نابێت."
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی هێرشەکە بە فەرمانی ئەو و بۆ بەرگریی لە خۆکردن کراوە.
نووسینگەی ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هێرشە سەربازییەکان یاسایی بوون. ئامانج لەو هێرشانە ئەوە بوو کە توانای حووسییەکان کەم بکرێتەوە. ئەوە تاکە رێگە بوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی حووسییەکان و بەگوێرەی مادەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون".
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسیەکان گوتی: "ئەمریکا و بەریتانیا 73 جار هێرشیانکردە سەر یەمەن و تێیدا سەنعای پایتەخت و پارێزگاکانی حودەیدە، تەعز، حوجە و سەعدە کراونەتە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشانەوە پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون".
رۆژێک دواتر، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند: "هێزەکانی ئەمریکا هێرشێکیانکردە سەر پێگەیەکی راداری حووسییەکان لە یەمەن." هێرشەکەی ئەمریکا کاژێر 3:45ـی بەیانی (بەکاتی سەنعا و هەولێر) بووە.
سێنتکۆم گوتیشی، هێرشەکە هەنگاوێک بووە بۆ ئامانجێکی سەربازیی دیاریکراو، کە پەیوەندیی بە هێرشەکانی دوێنێ هەبووە بۆ کەمکردنەوەی تواناکانی حووسییەکان لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور. لە هێرشەکە کەشتیی یو ئێس ئێس کارنی و مووشەکی تۆماهۆک بەکارهاتوون.