سوپای پاسداران ژمارەیەک مووشەکی دیکەی ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە کرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، شەپۆلی 53ـەمی ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە (بەڵێنی راستگۆی 4)ی جێبەجێ کردووە و دەڵێت، ژمارەیەک ئامانج لە ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسدارانی ئێران کە کاژێر 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026 بڵاوی کردووەتەوە، شەپۆلێکی دیکەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و چەند بنکەیەکی ئەمریکا لە ناوچەکە جێبەجێ کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان لە رێگەی مووشەکی هایپەرسۆنیکی جۆری فەتاح و قەدرەوە بوون، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر درۆنی بۆمبڕێژکراو.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی مانگی رابردووەوە دەستی پێکردووە و ئێستا بەشی زۆری وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە.