کوێت: 14 درۆن سنووری ئاسمانییان بەزاند و هەشتیان خرانە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند: لە 24 کاتژمێردا 14 درۆن سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەزاندووە و هەشتیان خراونەتە خوارەوە.
یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، سعود عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند: سێ لەو درۆنانە هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت و زیانیان بە سیستمی رادار گەیاندووە، سێ درۆنی دیکەش لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە کەوتوونەتە خوارەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت ئاماژەی بەوەش کرد: سێ کارمەندی هێزە چەکدارەکان بە سووکی بریندار بوون و ئێستا لە نەخۆشخانەن.
لە 28ی ئادارەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی درۆنی و موشەکی بۆ سەر کوێت و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی کەنداو دەستی پێکردووە، بەو پاساوەی کە بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە بە ئامانج دەگرێت.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی کوێت، پاشماوەی ئەو درۆنانەی کە خراونەتە خوارەوە، لەلایەن تیمە تایبەتەکانەوە هەڵگیراونەتەوە.