ناسنامەی ئەو 6 سەربازە ئەمریکییەی ئاشکرا کرا کە لە عێراق کوژران
رووداو دیجیتاڵ
پێنتاگۆن بە فەرمی ناسنامەی ئەو شەش سەربازەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە ئەنجامی تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی لە رۆژئاوای عێراق گیانیان لەدەستدا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی پێنتاگۆن، هەر شەش کوژراوەکە ئەندامی تیمی فڕۆکەیەکی جۆری (KC-135)ی تایبەت بە سووتەمەنیپێدانی ئاسمانی بوون، کە بریتین لە:
جۆن کلینەر (33 ساڵ): خەڵکی ئۆبۆرن، ئەلاباما (هێزی ئاسمانی).
ئاریانا ساڤینۆ (31 ساڵ): خەڵکی کۆڤینگتن، واشنتن (هێزی ئاسمانی).
ئاشڵی پرویت (34 ساڵ): باردستاون، کێنتەکی (هێزی ئاسمانی).
سێت کۆڤال (38 ساڵ): مۆریسڤیل، ئیندیانا (پاسەوانی نیشتمانیی ئاسمانی).
کێرتس ئانگست (30 ساڵ): خەڵکی ویلمینگتن، ئۆهایۆ (پاسەوانی نیشتمانیی ئاسمانی).
تایلەر سیمۆنس (28 ساڵ): خەڵکی کۆڵۆمبۆس، ئۆهایۆ (پاسەوانی نیشتمانیی ئاسمانی).
پێنتاگۆن جەختی کردەوە، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) پێشتر رایگەیاندبوو، کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی "تەقەی دووژمنکارانە" یان "تەقەی دۆستانە" نەبووە. ئەمەش واتە، نە هێزێکی عێراقی و نە هێزێکی دەرەکی یان دژە ئەمریکی ئەو فڕۆکەیەی نەخستووەتە خوارەوە.
لە بەرامبەردا، گرووپی (بەرگریی ئیسلامی لە عێراق) کە هاوپەیمانییەکی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانە، بانگەشەی ئەوەیان کرد، ئەوان فڕۆکەکەیان خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەیەکی دیکەش لە دەستیان هەڵاتووە.
ئەم فڕۆکەیە دەبێتە چوارەمین فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکا کە لە دەستپێکی جەنگی دژی ئێران لە 28ـی شوباتەوە لەدەست بدرێت. پێشتر سێ فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-15) بە هەڵە و لە لایەن هێزەکانی کوێتەوە لە ئاسماندا خرابوونە خوارەوە.
فڕۆکەی (KC-135) کە زیاتر لە 60 ساڵە لە خزمەتی سوپای ئەمریکادایە، بە شێوەیەکی ئاسایی سێ تیمی هەیە، بەڵام لە هەندێک ئەرکی تایبەتدا پێویستی بە کارمەندی زیاتر دەبێت و توانای هەڵگرتنی 37 سەرنشینی هەیە.
بە کوژرانی ئەم شەش سەربازە، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە لانیکەم 13 سەرباز. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە عێراق و ناوچەکە بەهۆی جەنگی نێوان واشنتن و تاران رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەچن.