وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی داوای گەڕاندنەوەی سووریا بۆ "باوەشی وڵاتانی عەرەبی" دەکەن
رووداو - هەولێر
دیپلۆماتانی نۆ وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی لە کۆبوونەوەی جەدەی سعودیە کۆک بوون کە دەبێت کۆمکاری عەرەبی رۆڵێکی پێشەنگ لە نێوەندگیریکردن بۆ چارەسەرێک بۆ شەڕی نێوخۆی سووریا بگێڕێت و داوای گەڕاندنەوەی وڵاتەکە "بۆ باوەشی وڵاتە عەرەبییەکان" دەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی راوێژکاریی 9 وڵاتی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی جەخت لە "گرنگیی هەبوونی رۆڵی پێشەنگی عەرەبی لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان" بە قەیرانی سووریا دەکەنەوە؛ هاوکات، تاوتوێی گەڕاندنەوەی سووریا "بۆ باوەشی وڵاتە عەرەبییەکان" کراوە.
رۆژی هەینی، شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (بەحرێن، کوێت، عومان، قەتەر، سعودیە و ئیمارات) و هەریەکە لە عێراق، میسر و ئوردن لەسەر بانگهێشتی سعودیە لە جەدە کۆبوونەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، کۆبوونەوەکە بێ رێککەوتن کۆتاییهاتووە.
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو وڵاتانە "باسیان لە میکانیزمی پێویست بۆ ئەم رۆڵە کردووە" و رێککەوتوون راوێژ لەنێوانیاندا زیادبکەن بۆ ئەوەی دڵنیایی لە سەرکەوتنی هەوڵەکان بدەن.
رۆژی چوارشەممە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا سەردانی جەدەی کرد، ئەوەش بووە یەکەم سەردانی وەزیرەکەی سووریا بۆ سعودیە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا.
فەیسەڵ میقداد و هاوتا سعودییەکەی باسیان لە "هەنگاوی پێویست" کرد بۆ کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستنی دیمەشق، ئەوەش بەگوێرەی راگەیێندراوێکی لایەنی سعودی.
بڕیارە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت سووریا بانگهێشتی کۆبوونەوەکە بکرێت.
بەڵام رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی قەتەر هیوای گەڕاندنەوەی سووریای بۆ کۆمکاری عەرەبی تا رادەیەک کاڵکردەوە.
شێخ محەممەد عەبدولڕەحمان جاسم ئەلسانی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی:"هیچ شتێک پێشنیاز نەکراوە؛ هەمووی قسە و باسە".