حکومەتی ئیسرائیل: دەمانەوێت چیتر مووشەک لە سنوورەکانمان نەپەڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1993وە، ئیسرائیل و لوبنان لە رێگەی نێوەندگیریی ئەمریکاوە چوونەتە ناو دیالۆگێکی راستەوخۆ؛ دەشڵێت، ئامانجیان داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و کۆتاییهێنانە بەو "گەمارۆ خنکێنەرەی" ئێران خستوویەتییە سەر لوبنان.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، دەیڤید مێنسەر، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند: "دەرگایەکی مێژوویی کراوەتەوە. دوێنێ لە واشنتن نوێنەرانی باڵای ئیسرائیل و لوبنان و ئەمریکا پێکەوە دانیشتن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە ناوچەکەدا."
مێنسەر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پێشڤەچوونە دوای لاوازبوونی بەرچاوی حیزبوڵڵا هاتووە و ئیسرائیل وەڵامی ئەرێنی بۆ داواکاریی حکومەتی لوبنان داوەتەوە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە. گوتیشی: "ئامانجەکە زۆر روونە؛ ئەویش داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی تێرۆریستییە بۆ ئەوەی ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروست بێت."
دوێنێ، لە واشنتن دی سی، بە ئامادەبوونی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، یەحیێل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل و نەدا مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان لە ئەمریکا دەستیان بە دانوستاندن کرد.
گوتەبێژەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، گەلی لوبنان "دووژمنی ئیسرائیل نین"، بەڵکو ئەوان قوربانیی دەستی حیزبووڵڵا و "رژێمی ئێرانن" کە چەکیان دەکات و پارەیان بۆ دابین دەکات. مێنسەر دەڵێت: "دیدگای ئێمە سادەیە؛ دەمانەوێت چیتر مووشەک لە سنوورەکانمان نەپەڕێتەوە، بەڵکو خەڵک بۆ کار و بازرگانی و گەشتوگوزار لە سنوورەکان بپەڕنەوە."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش وەک تۆڵە تەنگەی هورمزی داخست. لە 8ی نیساندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی راگەیاند. مێنسەر لەم بارەیەوە گوتی، ئیسرائیل پشتگیریی بڕیارەکەی ترەمپ دەکات تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە ئێران چیتر چەکی ئەتۆمی و توانای مووشەکیی نابێت کە هەڕەشە بێت بۆ سەر جیهانی شارستانی.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەوەتەی شووباتی ئەمساڵەوە زیاتر لە 1600 چەکداری حیزبوڵڵا لەناو براون. مێنسەر هۆشداری دا کە "رێکخراوێکی تێرۆریستیی جینۆسایدکار" لە سنوورەکانیان قبوڵ ناکەن و سوپای وڵاتەکەی بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی بارەگا و کۆگاکانی چەکی ئەو گرووپە.