وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا 24 کۆمپانیا و کەشتیی تۆڕە نهێنییەکانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری،" سزای بەسەر تۆڕێکی گەورەی قاچاخی نەوتی ئێراندا سەپاند کە لە لایەن کوڕی بەرپرسێکی باڵای پێشوی ئەمنیی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت؛ هاوکات تۆڕێکی سپیکردنەوەی پارەی ئاشکرا کرد کە نەوتی ئێرانیان بە زێڕی ڤەنزوێلا گۆڕیوەتەوە بۆ دابینکردنی هاوکاریی دارایی حیزبووڵڵا.
 
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، نوسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر زیاتر لە 24 کەسایەتی، کۆمپانیا و کەشتیی تۆڕەکەی (محەممەد حوسێن شەمخانی)دا سەپاند. محەممەد حوسێن کوڕی عەلی شەمخانی، بەرپرسی کۆچکردوی ئەمنیی ئێرانە و خاوەنی پارەیەکی زۆرە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران و رووسیا.
 
سکۆت بێسێنت، وەزیری دارایی ئەمریکا رایگەیاند: "وەزارەتی دارایی بە هەڵمەتی 'تووڕەیی ئابووری' بە تووندی هێرش دەکاتە سەر رژێم وەک بنەماڵەی شەمخانی کە دەیانەوێت لەسەر پشتی گەلی ئێران قازانج بکەن؛" گوتیشی، "لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک ترەمپدا، بەردەوام دەبین لە بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر و گوشارە ئابورییەکان بۆ سەر تاران زیاد دەکەین."
 
نەوتی ئێران بەرامبەر زێڕی ڤەنزوێلا
لە بەشێکی دیکەی سزا نوێیەکاندا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆڕێکی ئاشکرا کرد کە بە گوتەی خۆی مەترسیدارن و لە لایەن سەید نایمی بەدرەدین مووسەوی، یەکێک لە دابینکەرانی دارایی حیزبوڵڵا بەڕێوەدەبرا. ئەم تۆڕە نەوتی ئێرانی رەوانەی ڤەنزوێلا کردووە و لە بەرامبەردا زێڕی وەرگرتووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی واشنتن، زێڕەکان لە رێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئێیەرەوە گواستراونەتەوە بۆ تاران و لەوێوە رەوانەی تورکیا کراون بۆ فرۆشتن، تاوەکو پارەکەی وەک دارایی بۆ حیزبووڵڵا و فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەکاربهێندرێت.
 
کۆمپانیا وەهمییەکان و کەشتیگەلی سێبەر
تۆڕەکەی شەمخانی چەندین کۆمپانیای لە ئیمارات، هیندستان و جەزائیر بەکارهێناوە بۆ دەربازبوون لە سزا نێودەوڵەتییەکان و ئەم کۆمپانیایانە وەک دەزگەی راوێژکاری و بازرگانیی رەوا خۆیان نیشان داوە، بەڵام لە راستیدا کارئاسانییان بۆ گواستنەوەی نەوتی قاچاخ کردوە.
 
ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەمریکا دوای دەرکردنی یاداشتێکی سەرۆکایەتی ئەمریکا دێت بۆ سەپاندنی زۆرترین گوشاری ئابوری بەسەر ئێراندا. لەگەڵ دەرکردنی ئەو بڕیارەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زیاتر لە هەزار کەس، کۆمپانیا، کەشتی و فڕۆکەی خستوەتە لیستی رەشەوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ رێگری لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بڕینی هاوکاریی گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.