راپۆرتێک: واشنتن زیاتر لە 10 هەزار سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێک دەڵێ، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا هەزاران سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، ئەمەش وەک گوشارێکی نوێی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بۆ سەر تاران تاوەکو مەرجەکانی واشنتن قبووڵ بکات.

بەرپرسانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 15ـی نیسانی 2026 بە رۆژنامەی واشنتن پۆستیان راگەیاند، هێزە نوێیەکان پێکهاتوون لە نزیکەی شەش هەزار سەرباز لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جۆرج بوش و چەندین کەشتیی جەنگیی دیکە کە یاوەری دەکەن. 
 
هەروەها بڕیارە نزیکەی چوار هەزار و 200 سەربازی دیکەی هێزی مارێنز لە رێگەی کەشتیی جەنگی (بۆکسەر)ـەوە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بگەنە ناوچەکە.
 
ئەم هێزە نوێیانە پەیوەندی بەو 50 هەزار کارمەند و سەربازە ئەمریکییەوە دەکەن کە لە سەرانسەری جیهاندا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران بەشدارن.
 
جێگیربوونی ئەم هێزە زەبەلاحە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە لە 21ـی نیساندا.
 
لە کاتێکدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکات، پێنتاگۆن پلانی بۆ سیناریۆی ئەگەرى شکستخواردنی دیپلۆماسی داناوە. دوو بەرپرسی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە، پلانی ئۆپەراسیۆنی زەوینی لە سەر خاکی ئێران ئامادەیە. 
 
بژارەکان بریتین لە:
 
ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
دابەزینی هێزی مارێنز لە ناوچە کەنارییەکان و دوورگەکان بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز.
 
دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە.
 
جەیمس فۆگۆ، ئەدمیراڵی خانەنشینکراوی هێزی دەریایی ئەمریکا دەڵێ: "کۆکردنەوەی ئەم هەموو هێزە ماناى دروستکردنی توانایەکی یەدەگە لە ئەگەرى ئەوەی دۆخەکە تێکبچێت." 
 
لە لایەکی دیکەوە، میک مۆرۆی، بەرپرسی پێشووی پێنتاگۆن هۆشداری دا، هەرچەندە گەمارۆکە گوشارێکى زۆرە لەسەر ئێران، بەڵام هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەوینی زیانی گیانیی لێدەکەوێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ بۆ خنکاندنی ئابووریی تاران، گەمارۆیەکی دەریایی تووندی خستووەتە سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەردەچن. 
 
ترەمپ لە پۆستێکی نوێدا لە تروس سۆشیاڵ هۆشدارییەکی تووندی دا و نووسیویەتی: "ئەگەر هەر کەشتییەک لەم گەمارۆیە نزیک بێتەوە، دەستبەجێ رادەماڵدرێت؛ بەو سیستمە دەیانکوژین کە دژی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان لە دەریا بەکارمان هێناوە."
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە 48 کاژێری یەکەمی گەمارۆکە، هیچ کەشتییەک نەیتوانیوە گەمارۆکە ببڕێت و نۆ کەشتیش دوای هۆشداریی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بەرەو بەندەرەکانی ئێران گەڕاونەتەوە. 
 
ترەمپ بەیانیی رۆژى چوارشەممە 15ى نیسان بە تۆڕی فۆکس بزنسی راگەیاند، پێشبینی دەکات جەنگەکە "زۆر زوو" کۆتایی بێت و نرخی بەنزین بگەڕێتەوە ئاستی پێش جەنگ، ئەویش بەو مەرجەی رێگری لە ئێران بکرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
 
ئێستا ئەمریکا خاوەنی سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگرە لە ناوچەکەدا؛ ئەبراهام لینکن لە کەنداوە، جێراڵد فۆرد لە دەریای نێوەڕاستە و  جۆرج بوشیش لە رێگەیە و ئێستا لە نزیک باشووری ئەفریقایە.
 
تاران لە وەڵامی ئەم گوشارانە، لە رێگەی عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی سەربازیی خۆیەوە هەڕەشەی کردووە کە تەواوی هەناردە و هاوردە لە کەنداو، دەریای عومان و دەریای سوور رادەگرێت. 
 
زیاتربوونى گوشارەکان لە کاتێکدایە کە عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بە پەیامى واشنتنەوە لە تارانە و هەوڵى گەیشتن بە رێککەوتنێک دەدات بۆ درێژکردنەوەى وادەى ئاگربەستەکە.