گەورەی پشکنەرانی پێشووی ئاژانسی ئەتۆمی: ئێران دەتوانێت لە ماوەی 3 هەفتەدا بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات

رووداو دیجیتاڵ

دکتۆر یوسری ئەبو شادی، گەورەی پشکنەرانی پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و شارەزای بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، وردەکاریی تواناکانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ئاشکرا دەکات.
 
ئەو باس لەوە دەکات کە تاران خاوەنی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی 60%ـە و دەتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا بیگەیێنێتە ئاستی سەربازی. هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بۆچی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتوونەتە بنبەست و کاریگەریی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان چی بووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: کۆی گشتیی یۆرانیۆمی ئێران ئێستا چەندە؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: ئێران، وەک ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، نزیکەی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 60%ـی پیتێندراو و نزیکەی 10 تۆن یۆرانیۆمی پیتێندراوی لە هەموو ئاستەکاندا هەیە، لە 2% تاوەکو 60%. ئەمە زانیارییە گشتییەکانە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، یۆرانیۆمی 60%ـی پیتێندراوە، چونکە 450 کیلۆگرام دەکرێت بۆ دروستکردنی 10 بۆمبی ئەتۆمی بەکاربهێنرێت.
وەک باسم کرد، بۆ یۆرانیۆمی 60%، هەر 42 کیلۆگرامێک دەتوانێت بۆمبێکی لێ دروست بکرێت. کەواتە ئێمە باس لە نزیکەی 10 بۆمب یان زیاتر دەکەین. ئەمە ژمارەیەکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییە. بەڵام ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە ئێران خەریکی دروستکردنی بۆمبە یان بۆمبی دروستکردووە؟ هیچ بەڵگەیەکی بەهێز لە ئارادا نییە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کە تاوەکو مانگی رابردوو بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئێران بوو و پشکنینی بۆ هەموو کەرەستەکان دەکرد، هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزییەوە کە بیسەلمێنێت ئێران ئەم کەرەستە ئەتۆمییانە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی بەکاردەهێنێت. ئاژانس هیچ بەڵگەیەکی نییە و هەموو تۆمەتەکان لەسەر بنەمای ئەو هەستەیە کە ئێران دەتوانێت بیکات ئەگەر بیەوێت، رەنگە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، ئەمەش راستییە. بەڵام ئێران دەڵێت کە پابەندە بە پەیماننامەی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کە دەیان ساڵە واژۆی کردووە و رێگە بە پشکێنەران دەدات بێن و کامێرا و مۆر دابنێن.
بۆیە هیچ بەڵگەیەکی راستی نییە، چونکە فەتوایەکی خومەینی هەیە کە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی حەرام کردووە، لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی لەناودەبات. ئایا ئێران پابەندی ئەمە بووە؟ پێموایە پابەند بووە، بەڵگەکەشی ئەوەیە کە راپۆرتەکانی ئاژانسی ئەتۆم یەک تۆمەتی راستییان تێدا نییە. ئایا دوای ئەو دوو جەنگەی کە روویانداوە، ئێران بیر لەمە دەکاتەوە؟ ئەمە بڕیارێکە بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە.
 
رووداو: دەگوترێت ئێران بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، پێشنیازی کردووە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی کەمبکاتەوە، ئەوە چۆن دەکرێت؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: رۆژی 26ـی شوبات، واتە دوو رۆژ پێش ئەم جەنگە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤ بوو. ئەو کاتە وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکای دەدایەوە سەبارەت بە پرسی پیتاندن و بەرنامەی ئەتۆمی. لەوێدا سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراو هەبوو کە ئێران نزیکەی هەموو داواکارییەکانی ئەمریکای قبووڵ کردبوو. تەنانەت ئامادەبوو بگاتە ئاستی سفر پیتاندن و دروستنەکردنی سانتریفیوژ. ئەگەری زۆر هەبوو لەسەر یۆرانیۆمی 60%ـی پیتێندراو رێکبکەون و ئێران لێی رزگاری بێت، یان بە تێکەڵکردنی لەگەڵ یۆرانیۆمی سروشتی و گەیاندنی بە ئاستی پیتاندنی 2% یان 3%، یانیش بە هەناردەکردنی بۆ رووسیا. تەنیا مەرجی ئێران ئەوە بوو کە هەموو ئەمانە هەنگاو بە هەنگاو بن لە پێناو هەڵگرتنی سزاکان. چونکە لە ساڵی 2015ـدا کاتێک هەموو یۆرانیۆمە ئاست بەرزە پیتێندراوەکەی دایە رووسیا و ئەوی دیکەی کەمکردەوە، سزاکان تاوەکو ئەمڕۆش هەڵنەگیران. بۆیە ئەمجارە داوایان دەکرد کە هەموو کەرەستەکان یەکجار رادەست نەکەن.
 
رووداو: ئەگەر رێژەی پیتێندراوی ئەتۆم کەم بکرێتەوە، لە بواری زانستی دەکرێت بۆ بواری سەربازی سوودی لێ ببینرێت؟

 

دکتۆر یوسری ئەبو شادی: بەکارهێنانی سەربازیی یۆرانیۆم بە مانای بۆمبی ئەتۆمی نایەت. بە شێوەی تیۆری، ناتوانرێت بە کەمتر لە 20%ـی پیتاندن بۆمب دروست بکرێت. لە رووی کردارییەوە، دەبێت لە 90% کەمتر نەبێت. کەواتە تەنانەت 60%ـیش زۆر گونجاو نییە بۆ بۆمبی ئەتۆمی. لە رووی تیۆرییەوە دەکرێت، بەڵام بۆمبەکە زۆر گەورە و قورس دەبێت و لۆژیکی نییە، چونکە ئامرازی گواستنەوەی نییە. کەواتە لۆژیک وا دەڵێت کە دەبێت یۆرانیۆمەکە لە سەرووی 90% بێت. بەپێی ئاژانس، قەبارەی بۆمبەکە سنووردارە. باس لە تەنیا 25 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 90%ـی پیتێندراو دەکەین بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی. بەڵام یۆرانیۆمی کەم پیتێندراو بۆمبی ئەتۆمی لێ دروست ناکرێت، مەگەر دووبارە بپیتێندرێتەوە. واتە ئەگەر یۆرانیۆمی 2-3%ـم هەبێت، دەتوانم بە سانتریفیوژەکان رێژەکە بەرز بکەمەوە بۆ 20%، پاشان 60% و ئینجا 90%. بەڵام تاوەکو رێژەکەم دابەزاندبێت، هەوڵەکە زۆر قورس دەبێت و تاوەکو لەژێر چاودێریی پشکێنەران و ئاژانسی ئەتۆمیدا بێت، بابەتەکە ئاشکرا دەبێت.
 
رووداو: چەند کاتی دەوێت تاوەکو بیگەیێنیتە 90%؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: پێشبینیی زانستی و تەکنیکیی من ئەوەیە کە ئەگەر ئێران ئەمڕۆ لەو 450 کیلۆگرامە، 45 کیلۆگرامی بردبێت و ئەوی دیکەی لە شوێنێکی دیکە بێت، ئەگەر 45 کیلۆگرام و 200 سانتریفیوژی مۆدێرنی لە جۆری IR6 هەبێت، دەتوانێت لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا یۆرانیۆمی 95% بەرهەم بهێنێت. دوای ئەوە، ئایا ئەمە دەبێتە بۆمب؟ نەخێر، بۆمب بەشی دیکەی زۆری هەیە. پێموایە ئێران توانای دروستکردنی تەقەمەنی و پارچەکانی دیکەی هەیە. بۆمب وەک تۆپێکی بچووک وایە، ناوەکەی بە چەندین تۆپی دیکەی ناکارۆلیکی دەورە دراوە کە دروستکردنیان ئەستەم نییە. بۆیە پێشبینیی گشتیی من ئەوەیە کە لە نێوان 3 هەفتە بۆ مانگێکدا بۆمبەکە ئامادە دەبێت، ئەگەر بڕیار بدەن.
 
رووداو: دوای چەند جارێک بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆخی ئەو بنکانە ئێستا چۆنە؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: سێ دامەزراوەی سەرەکیی پیتاندن بریتین لە نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان. هەر سێکیان بە توندی هێرشیان کرایە سەر و چەندین جار بۆردوومان کران. چیرۆکی ئەو فڕۆکەوانەی کە ئەمریکییەکان بە 150 فڕۆکە چوون بۆ هێنانی، وا دەردەکەوێت کە هەوڵێک بووە بۆ دابەزین لە ئەسفەهان. چونکە ئەسفەهان کۆگای سەرەکیی هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئاست بەرزی پیتێندراو بوو. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، سانتریفیوژەکان و کارگەکان تا چەند وێران بوون؟ ناتوانین ئێستا حوکم بدەین، چونکە هەندێکیان 100 مەتر لەژێر زەویدان، وەک فۆردۆ. رەنگە هەندێک شت مابن، بەڵام گەیشتن پێیان زۆر قورسە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئێران هێشتا یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی لەو کۆگایانەدا پاراستووە کە پشکێنەرانی ئاژانس و بە دڵنیاییەوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دەیزانن؟ من زۆر گومانم هەیە، بەتایبەتی یۆرانیۆمی ئاست بەرزی پیتێندراو.
کەواتە بۆ کوێیان بردووە؟ خودا دەزانێت. ئێران توانای زۆری لەژێر زەوی و لە چەندین شوێنی جیاوازدا هەیە و پێموایە زۆر ئەستەمە هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل شوێنەکەی بزانن. بەڵام دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، ئایا بڕیارێک لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە بۆ دروستکردنی بۆمب دەرچووە؟ ئەمە بنەمای بابەتەکەیە. ئێرانییەکان دەڵێن: "نەخێر، ئێمە هێشتا ئەندامی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمین و بڕیارەکە وەک خۆیەتی." بێگومان دوای ئەو وێرانکارییەی لە ئێران روویدا، ئایا ئەم بڕیارە بەردەوام دەبێت یان نا، نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەرە.
 
رووداو: دەکرێت لەو بنکانەی نێو ئێران خۆی رێژەی پیتێندراوی ئەتۆم کەم بکرێتەوە؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: ئەمە پرسیارێکی تەکنیکیی گرنگە، چونکە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی پیتاندن لە 60% بۆ 3%، دەبێت لەگەڵ یۆرانیۆمی سروشتیدا تێکەڵ بکرێت. ئێران هەندێک یۆرانیۆمی سروشتیی هەیە. بێگومان بەشێکی لەناوچووە، ئایا بەشێک یان هەمووی؟ دەبێت یۆرانیۆمی سروشتیی دیکەی هەبێت. لە شەڕی ئەم دواییەدا هێرش کرایە سەر کانەکانی یۆرانیۆم. ئایا هێشتا بڕێکی باش یۆرانیۆمی سروشتییان ماوە؟ پێموایە هەیانە و ناگەنە ئاستی سفر. بەڵام پێموایە هیچ رێگرییەکیش نییە کە وڵاتانی دیکە یۆرانیۆمی سروشتی بدەنە ئێران بۆ تێکەڵکردن. لێرەدا پرۆسەی تێکەڵکردنەکە چۆنە؟ لە رێگەی ئامێری تایبەتەوە دەکرێت کە پێیان دەگوترێت "بلێندەر". ئەمانە لوولەکی (بۆڕی) گەورە و خولاوەن کە دەبوو بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەسفەهان بن. ئەسفەهان بە توندی هێرشی کرایە سەر، ئایا ئەو ئامێرانە هێشتا ماون یان ئێران پێویستی پێیانە؟ ئەمە پێویستی بە گفتوگۆیە. پێموایە لەم حاڵەتەدا هەموو جیهان ئامادە دەبێت یارمەتیی ئێران بدات بۆ ئەوەی ئەو تێکەڵکردنە بکات و یۆرانیۆمی ئاست بەرزی پیتێندراو بکاتە کەم پیتێندراو. ئایا ئێستا ئەو توانایەی هەیە؟ ناتوانم بە وردی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، چونکە ئەو شوێنانەی کە دەبوو یەکەکانی تێکەڵکردنی لێ بێت، بەتایبەتی ئەسفەهان، بە توندی هێرشیان کرایە سەر.
 
رووداو: ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن یۆرانیۆمی پیتێندراوی رادەست بکات، ئەوە گونجاوە؟ ئەگەر بکرێت چۆنە پرۆسەکە؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: ئەمە بژاردەیەکی ئاسانە و لە ساڵی 2015 دوای رێککەوتنەکە روویدا. ئەو کاتەش ئێران بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەبوو، بەتایبەتی 20%. لە ماوەی مانگێکدا، ئێران هەمووی لەناوبرد، زۆربەی بە هەناردەکردن بۆ رووسیا و بەشێکیشی بەو تێکەڵکردنەی کە باسم کرد. بۆیە خێراترین رێگە ئەوەیە کە هەناردەی وڵاتێکی دۆستی بکەیت.
ئەو پێشنیازە هەبوو و یەکێک بوو لەو بابەتانەی لە جنێڤ گفتوگۆی لەسەر کرا و پێموایە ئێرانیش کێشەی نەبوو. تەنیا کێشە، وەک گوتم، ئەوە بوو کە ئێران سوور بوو لەسەر ئەوەی ئەم لەناوبردنە بە شێوەیەکی قۆناخبەند و هاوتەریب لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکاندا بێت. ناتوانم 450 کیلۆگرامەکە یەکجار بدەمە رووسیا یان تێکەڵیان بکەم. من مانگانە 50 یان 30 کیلۆگرام لەناو دەبەم تاوەکو ببینم ئایا ئێوە سزاکانم لەسەر هەڵدەگرن یان نا.
 
رووداو: وەک شارەزایەکی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، پێتوایە باشترین چارەسەر بۆ پرسی ئەتۆمیی ئێران چییە؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: چارەسەری نموونەیی ئەوەیە کە شتێک نییە بە ناوی دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتێک. شتێک نییە بە ناوی سڕینەوەی شارستانیەتێکی مێژوویی وەک شارستانیەتی فارسی. نابێت ژێرخان و خەڵکی سڤیل وێران بکرێن و هەزاران کەس بکوژرێن. ئەم شێوازە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەبینراوە. ئەمریکییەکان و بەتایبەتی ئیسرائیلییەکان دەبێت بزانن کە مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی هەیە کە هەموو وڵاتێک دەپارێزێت. کێشە سەرەکییەکان دەبێت چارەسەر بکرێن، گرنگترینیان ئێستا کێشەی ئەتۆمی و تەنگەی هورمزە. پێموایە هورمز بە ئاسانی چارەسەر دەبێت و پێش جەنگ بوونی نەبوو. سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، ئێران پێشتر لە دانوستاندنەکاندا و بەتایبەتی رۆژی 26ـی شوبات، نەرمی نواندنی بێوێنەی نیشاندا. ئێران پێشتر سوور بوو لەسەر ئەوەی شتێک نییە بە ناوی سفر پیتاندن یان لەناوبردنی تەواوەتیی سانتریفیوژەکان.
 
رووداو: پێتوایە ئێران بەوە رازی بێت؟
 
دکتۆر یوسری ئەبو شادی: ئەمە دەبێت بە قۆناخبەندی بێت. کێشەی سەرەکی لە دانوستاندنەکاندا، واز لە هەموو قسەکانی دیکە بهێنە، ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت ئێران دەستبەجێ 450 کیلۆگرامەکە لەناو ببات. رەنگە میدیاکان بە روونی تیشک نەخەنە سەر ئەمە، بەڵام کێشەکە ئەمەیە. هەموو ناکۆکییەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی، خێرایی لەناوبردنی 450 کیلۆگرامەکەیە، چونکە ئەمە مانای وایە ئێران توانای دروستکردنی 10 بۆمبی ئەتۆمی هەیە.
ئێران، وەک گوتم، بەم مەرجە قبووڵی کردووە و هەرگیز بەبێ ئەم مەرجە قبووڵی ناکات کە لەناوبردنەکە بە قۆناخبەندی و هاوتەریب لەگەڵ هەڵگرتنی سزاکاندا بێت. ئەگەر بڵێیت نەخێر، مەرجی من ئەوەیە، ئەوا قبووڵی ناکەن. چونکە پێشتر لە قسەکانی خۆت پاشگەز بوویتەوە و داوای 450 کیلۆگرامەکە دەکەیت وەک دیارییەک. ئەمە هەرگیز روونادات، چونکە ئێران دەزانێت مانەوە و ژیانی بەندە بەم کەرەستانەوە. چونکە دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی پێ دروست بکات. ئەگەر رۆژێک ئێران بگاتە ئەو قۆناخەی کە ترەمپ باسی دەکات، پەنای بۆ دەبات و توانایشی هەیە. کەواتە تەنیا چارەسەر لێکتێگەیشتنە. نابێت شتێک هەبێت بە ناوی ئەوەی 450 کیلۆگرامەکە لە چرکەیەکدا لەناو بچێت و ئێران رادەستی تۆی بکات. وەرە رێکبکەوە کە ئێران بە قۆناخبەندی رادەستی تۆی دەکات و لە بەرامبەردا سزاکان هەڵبگیرێن و گەرەنتی بدرێت کە جارێکی دیکە هێرشی ناکرێتە سەر. گەرەنتیی ئەمریکی لە کۆنگرێسەوە یان لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بدرێت. گەرەنتی بدرێت کە ئاژانسی ئەتۆمی بەهێز بگەڕێتەوە ئێران بۆ دڵنیابوون لە ئاشتیانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەبێ گوشاری سیاسی. ئەگەر بەم شتانە رازی بیت، شەڕ دەستبەجێ کۆتایی دێت. بێگومان کێشەی دیکەی بچووک هەن، بەڵام ئەمە بنەمای کێشەکەیە.