ئەمریکا: ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ 45 رۆژ درێژکرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، رۆژی هەینی دوای دانوستاندنەکان، لوبنان و ئیسرائیل ئاگربەستی نێوانیان بۆ 45 رۆژ درێژکردەوە.
 
تۆمی پیگت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "راگرتنی شەڕ کە لە 16ـی نیسانەوە دەستیپێکردووە، بۆ 45 رۆژ درێژدەکرێتەوە، ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانی پێشکەوتنی زیاتر."
 
گوتەبێژەکە گوتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رۆژانی 2 و 3ـی حوزەیرانیش دانوستاندن بەڕێوەدەبات بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی سیاسیی هەمیشەیی، هەروەها پێنتاگۆن لە 29ـی ئایاردا شاندی سەربازیی هەردوو وڵات کۆدەکاتەوە.
 
پیگت رایگەیاند: "هیوادارین ئەم گفتوگۆیانە ببنەهۆی پێشخستنی ئاشتیی هەمیشەیی لەنێوان هەردوو وڵات، داننانی تەواوەتی بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی و چەسپاندنی ئاسایشی راستەقینە لە سنوورە هاوبەشەکانیان."
 
ئاگربەستەکە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە کۆتایی بێت.
 
ئیسرائیل لە کاتی دانوستاندنەکاندا هێرشی کردەوە سەر چەند ئامانجێک لە لوبنان.
 
ئیسرائیل دەڵێ، بەردەوام دەبێت لە بەئامانجکردنی حیزبوڵڵا، هاوکات لە دانوستاندنی ئاشتیشدا بەشدار دەبێت.