توركیا؛ هەڵبژاردنێك بۆ هێشتنەوە یان گۆڕینی سیستەم
رووداو - هەولێر
كەمتر لە دوو هەفتە بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا ماوە كە تێیدا نەك هەر تەمەنی ئیدارەی ئێستای حكومەتی توركیا یەكلایی دەبێتەوە، بەڵكو بڕیار لە گۆڕینی كۆی سیستەمی حوكمڕانی لە توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی و گۆڕینی بناغەی ئایدیۆلۆژیی دەستوور لە سێكولارەوە بۆ ئیسلامی دەدات.
لە هەڵبژاردنەكانی 24ی حوزەیراندا لەلایەك پارتی دادوگەشەپێدان (ئاكپارتی) وەستاوە كە ماوەی 16 ساڵە حوكمی توركیا دەكات و لەو ماوەیەدا لە هەموو هەڵبژاردنەكانی توركیادا سەركەوتنی بەدەستهێناوە.
ئاكپارتی خاوەنی پڕۆژەی گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیایە لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی. لەلایەكەی دیكەشدا پێنج حیزب هەن كە بە هۆكاری جیاواز قۆڵیان لە رێگرتن لە بەدیهاتنی خەونەكانی پارتی دەسەڵاتدار هەڵماڵیوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا پێیوایە "هەموو سەركەوتنەكانی ئەوان لە 12 هەڵبژاردنەكەی رابردوودا گرنگ بوون، بەڵام هەڵبژاردنەكەی 24ی مانگ "بەردی بناغە" بۆ داهاتوویەكی نوێ دادەنێ.
لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بڕوایان وایە لەدوای هەڵبژاردنەكەی تەمووزی 2015 و هەوڵی كودێتاكەی 2016، پرۆسەی دیموكراسی لە توركیا تووشی بەربەستی گەورە بووە و رەوشی ئابووریی توركیا و پەیوەندی لەگەڵ رۆژئاوا یەكجار لاواز بووە. موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی كۆماریی توركیا بۆ پۆستی سەرۆكایەتی توركیا، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی حوزەیران دەڵێ: "ئەمە هەڵبژاردنێكە لەنێوان لایەنگرانی دیموكراسی و لایەنگرانی دەسەڵاتی تاكەكەسی".
بەربژێرەكانی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بەڵێنیان داوە ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا سەربكەون، پڕۆژەی گۆڕینی سیستەمی توركیا (لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی) بوەستێنن. بەگوێرەی ئەو سیستەمە نوێیە، سەرۆككۆمار نەك هەر سەرۆكی وڵاتە، بەڵكو دەسەڵاتی هێزی جێبەجێكار (واتە حكومەتیش) وەردەگرێ، پۆستی سەرۆكوەزیران لادەدرێ، كابینەی حكومەتیش بە كەسانی دەرەوەی پەرلەمان پڕ دەكرێتەوە. سیستەمە نوێیەكە دەسەڵاتی دەستنیشانكردنی وەزیران و دادوەران و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش بە سەرۆككۆمار دەدات.
ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی توركیادا سەربكەوێ، تاوەكو 2023 لەسەر كورسی دەسەڵات دەمێنێتەوە، واتە ئەو ساڵەی تێیدا یادی سەت ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیا لەسەر دەستی مستەفا كەمال ئەتاتورك دەكرێتەوە كە نەك هەر دامەزرێنەری كۆماری توركیایە، بەڵكو سیستەمی پەرلەمانیش هەر بە بەرهەمی ئەو دەزانرێ. راپرسییەكان دەریدەخەن كە سەركەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكانی حوزەیراندا ئاسان نابێ.
كاتێك لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، ئەردۆغان داوای پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆماری توركیای كرد، زۆربەی لێكدانەوەكان جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە بلیتی سەركەوتنی هەڵبژاردنی ئەمجارەش هەر لە گیرفانی ئاكپارتیدایە. بەڵام لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا زۆر شت لە گۆڕەپانی سیاسی توركیادا گۆڕاون، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا توانییان لەسەر پلاتفۆرمێكی هاوبەش (واتە شكستهێنان بە پڕۆژەی ئەردۆغان و ئاكپارتی) رێكبكەون.
راپرسییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەردۆغان ناتوانێ لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا سەربكەوێ (واتە زیاتر لە 50%ی دەنگەكان) بهێنێ، بۆیەش چاوەڕێ دەكرێ لە خولی دووەمی هەڵبژاردندا لە رۆژی هەشتی تەمووز، ئەردۆغان رووبەڕووی بەربژێرە هەرە بەهێزەكەی ئۆپۆزیسیۆن ببێتەوە كە چاوەڕێ دەكرێ موحەڕەم ئینجە بێ.
پارتی كۆماری هەموو كات كێشەی ئەوەی هەبووە كە سنووری گوتاری خۆی بۆ دەرەوەی بنكە جەماوەرییە سێكولارەكەی درێژ بكاتەوە. بەڵام ئەمجارە ئینجە لە خێزانێكی بڕوادارە و دایك و خوشكی لەچك دەكەن و خۆیشی روانگەیەكی كراوەی بەرامبەر بە ئایین هەیە، جیا لەمە ئینجە بەڵێنی داوە ئەگەر ببێتە سەرۆككۆماری توركیا، ئەوە كۆشكی كۆماری دەگۆڕێ بۆ ناوەندێكی خوێندن، ماوەی خزمەتی سەربازی كورت دەكاتەوە، سزای تایبەت بە سووكایەتی بە سەرۆككۆماری توركیاش لە دەستووری توركیا لادەدات.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەبیر مەكەن
هەرچەندە زۆربەی چاوەكان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیان، بەڵام رۆژی 24ی حوزەیران هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیاش بەڕێوەدەچێ. ئەردۆغان دەزانێ ئەگەر پارتەكەی و هاوپەیمانەكانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا زۆرینەی كورسییەكان مسۆگەر نەكەن، ئەوە سەركەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ناتوانێ خەونە گەورەكانی وەدی بهێنێ.
سۆلی ئوزەل، مامۆستا لە زانكۆی قادر خاسی توركیا، لەوبارەیەوە بە ئاژانسی (BBC) راگەیاند كە ئەگەر ئاكپارتی نەتوانێ زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان ببات، ئەوە سەرۆككۆمار تەنیا بڕیارەكان دەردەكات و پەرلەمانیش پووچەڵیان دەكاتەوە. راستە لە سیستەمی نوێدا پەرلەمان لە زۆر دەسەڵاتی خۆی بێبەش دەكرێ، بەڵام هێشتا ئەوەندە دەسەڵاتەی بۆ دەمێنێتەوە.
ئەگەر پەرلەمان و سەرۆكایەتی بەدەست دوو لایەنی جیاواز بن، ئەوە چاوەڕێ دەكرێ زۆربەی بڕیارەكانی حكومەت (لەوانەش پرسی بودجە) بە دواكەوتنی زۆرەوە تێپەڕن. هەر بۆیە ئەردۆغان بە نیگەرانییەوە داوای لە لایەنگرانی پارتەكەی كردووە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیشدا پشتگیری لە ئاكپارتی بكەن.
مەترسییەكانی سەر هەڵبژاردنێكی پاك
هەڵبژاردنەكانی توركیا لە دۆخێكی نائاساییدا بەڕێوەدەچن كە لە دوای هەوڵی كودێتاكەی 2016ەوە راگەیەندراوە و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. ئەم دۆخە دەستی هێزە ئەمنییەكانی واڵاكردووە بۆ ئەوەی گوشارەكانیان لەسەر میدیا، چالاكڤانانی مافەكانی مرۆڤ و تەنانەت حیزب و لایەنە سیاسییەكانی توركیاش زیاتر بكەن، لە دۆخێكی لەو جۆرەدا دەرفەتی یەكسانی بانگەشە بە هەموو لایەنەكان نادرێ.
جیا لەمە حكومەتی توركیا یاسایەكی نوێی دەركردووە و بەپێی ئەوە ئەو دەنگانەش هەژمار دەكرێن كە مۆری پشتڕاستكردنەوەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیایان بەسەرەوە نییە. پارتەكانی توركیا نیگەرانن لەوەی ئەو یاسایە ئەگەری فێڵ و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا زیاتر دەكات.
لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی توركیادا شەش بەربژێر هەن كە بریتین لە سەلاحەدین دەمیرتاش (بەربژێری هەدەپە)، مەراڵ ئاكشەنەر (بەربژێری ئی پارتی)، رەجەب تەیب ئەردۆغان (بەربژێری ئاكپارتی)، موحەڕەم ئینجە (بەربژێری جەهەپە)، تەمەل كەرەموڵڵائۆغڵو (بەربژێری پارتی سەعادەت) و دۆغو پەرینچەك (بەربژێری سەربەخۆ و سەرۆكی پارتی وەتەن). لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی توركیادا 56 ملیۆن كەس لە نێوخۆی توركیا و 3 ملیۆن كەس لە دەرەوەی ئەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدانی دەرەوە لە رۆژی حەوتی حوزەیران دەستیپێكردووە.