ئەمریکا 920 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ یارمەتیی مرۆیی سووریا تەرخاندەکات

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن 920 ملیۆن دۆلاری دیکە وەکو یارمەتیی مرۆیی بۆ سووریا تەرخان دەکات. 
ئەم بڕە پارەیە لە حەوتەم کۆنفرانسی کۆکردنەوەی یارمەتیی مرۆیی، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، لە لایەن عوزرا زیا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاسایشی سڤیل، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ راگەیێندرا. 

بە تەرخانکردنی ئەو 920 ملیۆن دۆلارە، کۆی گشتیی یارمەتییە مرۆییەکانی ئەمریکا بۆ سووریا لە ساڵی دارایی 2023ـدا گەیشتە 1.1 ملیار دۆلار و لە 12 ساڵی رابردووی شەڕی سووریاشدا گەیشتە 16.9 ملیار دۆلار. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەمە گەورەترین بڕە پارەیە تاوەکو ئێستا وەکو یارمەتیی مرۆیی بە سووریامان دابێت و لە کاتێکدایە کە کەمبوونەوەی پێداویستییە مرۆییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و دۆخەکە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سەرەتای شوباتی ساڵی 2023ی تورکیا و سووریا خراپتر بووە." 
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە: "ئێمە لە پابەندبوونمان بە خەڵکی سووریاوە بەردەوامین، داوا لە بەخشەرەکانی دیکەش دەکەین، بەخشینەکانیان زیادبکەن لە کاتێکدا سوورییەکان هێشتا رووبەڕووی ئاڵنگاریەکانی چەندین ساڵی جەنگ، تیرۆر و کارەساتی سرووشتی دەبنەوە."
 
لە گوتارەکەیدا لە کۆنفرانسی برۆکسل، زیا جەختی لە "گرنگیی گەیشتنی بێ کۆسپ و تەگەرەی یارمەتیی مرۆیی بە هەموو بەشەکانی سووریا" کردەوە و داوای لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، "مۆڵەت بە گەیشتنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی سنوورەوە بداتەوە."
 
دیپلۆماتە ئەمریکییەکە، هاوکات جەختیکردەوە کە "هەڵومەرجی گەڕانەوەی سەلامەت، ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی پەنابەران لە نێو سووریادا نییە،" و نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی لە بەرامبەر "خراپبوونی دۆخی پەنابەران لە ناوچەکە، لەوانەش زیادبوونی گوتاری دژی پەنابەران."
 
زیا جەختیشی لەوە کردەوە کە "تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتیی خەڵکی سووریا بریتییە لە چارەسەرێکی سیاسی بە گوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان" و "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لە پێناو رێزگرتن لە شکۆمەندی و مافەکانی مرۆڤی هەموو سوورییەکان و بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی سڤیلی سووری لە گەڕان بەدوای دادپەروەری و لێپرسینەوە لە پێشێڵکارییەکانی دژی مافەکانی مرۆڤ."
 
"کاتمان نییە بۆ بەفیڕۆدان"
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسەکەی برۆکسل گوتی: "داواکاریەکەم سادەیە: هاوکاریمان بکەن یارمەتیی سووریا بدەین. ئێمە داوای 11.1 ملیار دۆلار دەکەین، گەورەترین داواکاریمانە لەسەر ئاستی جیهان. هیچ کاتمان نییە بەفیڕۆیبدەین."
 
ئەو یارمەتییە داراییەی لە کۆنفرانسەکەدا کۆدەکرێتەوە، هاوکاردەبێت لە دابینکردنی یارمەتی بۆ خەڵکی نێو سووریا و رۆژئاوای کوردستان و ئەو 5.7 ملیۆن پەنابەرە سووریاییەش کە لە وڵاتانی دراوسێ، بە دیاریکراوی تورکیا، لوبنان و ئوردن، دەژین.
 
بەڵام بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئابوورییان لە دۆخێکی باشدا نییە و رووبەڕووی هەڵاوسان بوونەتەوە، هەڵاوسانێک کە تەنانەت زیانی بە چینی هەژارانی وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانیش گەیاندووە، بەخشینی ئەو پارەیە ئاسان نابێت. 
 
گوتێرێز گوتی، بەهۆی قەیرانی دابینکردنی پارە، پێویست دەکات دابینکردنی یارمەتییەکان بۆ 5.5 ملیۆن خەڵکی نێو سووریا بە شێوەیەکی گەورە کەمبکرێتەوە، لەکاتێکدا کە بۆ دەستکەوتنی خۆراک، پشت بەو یارمەتییانە دەبەستن. 
 
گوتێرێز گوتی: "تەنیا لە مانگی داهاتوودا، یارمەتیی پارەی کاشمان بۆ دوو ملیۆن و نیو سووری نامێنێت،" و باسی لەوە کرد، کە ئەو پارەیەی بە نەخت بە سووریاییەکان دەدەن، "کاری لە پێشینەی ژمارە یەک"یانە. 
 
قەیرانەکە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دراوسێی سووریاش هەبووە کە 5.7 ملیۆن پەنابەریان لەخۆگرتووە و لە نێوخۆیاندا رووبەڕووی قەیران دەبنەوە. بەشێک لەو وڵاتانە دەڵێن، رەنگە بەهۆی کەمبوونەوەی سەرچاوەی داراییانەوە، پشتوانییەکانیان بۆ پەنابەران کەمبکەنەوە. 
 
ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کە وڵاتەکەی 1.3 ملیۆن سووریایی حەواندووەتەوە، گوتی: "مامەڵەکردن لەگەڵ باری پەنابەران هاوبەشییێکە لە نێوان وڵاتە بەخشەر و وڵاتە خانەخوێکاندا. ئەگەر وڵاتە بەخشەرەکان بە رۆلی خۆیان هەڵنەستن، ئەوا ناتوانن چاوەڕێی ئەوە بن وڵاتانی خانەخوێ بە رۆڵی خۆیان هەڵستن."
 
کۆنفرانسی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بۆ سووریا لە دۆخێکی سیاسیی ناجێگیردا دێت. 
بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا بە گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ کۆمکاری عەرەبی، شادەمارێکی گرنگیی دەستکەوت. 
ژمارەیەک وڵاتی دراوسێی سووریا، بە سەرکردایەتیی سعودیە گفتوگۆیان لەگەڵ سووریادا کردووە بۆ ئەوەی قەیرانی ئابووری و ئەمنیی بەردەوامی وڵاتەکە چارەسەربکەن، بەو هیوایەی کە گەڕانەوەی بەکۆمەڵی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان دەستپێبکات. 
 
بەڵام جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا جەختیکردەوە کە یەکێتییەکە سیاسەتەکانی لە بەرامبەر ئەسەد ناگۆڕێت و بەردەوامی بە سزاکان لە دژی حکومەتەکەی دەدات. گوتیشی: "ئێمە و کۆمکاری عەرەبی لەسەر هەمان هێڵ نین. ئەوە روونە." 
 
کۆنفرانسەکە دوای ئەوە دێت کە 6ی شوباتی ئەمساڵ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریای هەژاند، کە نەهامەتییەکانی هێندەی دیکە سەختتر کرد. 
 
بانکی جیهانی مەزەندەی دەکات، بوومەلەرزەکە 5 ملیار دۆلار زیانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دابێت، کە ماڵ و نەخۆشخانەکانی رووخاندن و ژێرخانی ئاو و کارەبای ناوچەکەی زیاتر پەکخست. 
 
لە کۆنفرانسی ساڵی رابردووی برۆکسل، بەخشەرەکان 6.7 ملیار دۆلاریان دا، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 10.5 ملیار دۆلاری کردبوو.