ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل


رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەی کوژراوان لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە بۆ 7 کەس بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران چەندین شەپۆلی مووشەکی و درۆنی بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵدا.
 
بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی ئیسرائیل، درەنگی شەوی شەممە، 4 کەس لە باکووری وڵاتەکە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکەوە گیانیان لەدەستدا. پێشتر دەزگەی فریاکەوتنی نیشتمانی (ماگن دەیڤد ئادۆم) رایگەیاندبوو، دوای ئەوەی مووشەکێک بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شارۆچکەی عەرەبنشینی تەمرا کەوتبوو، 3 کەس کوژران.
 
پۆلیس وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "کەوتنەخوارەوەی تەنێک بەشێوەیەکی راستەوخۆ" بووەتە هۆی کوژرانی دوو ژنی تەمەن 40 ساڵ، ژنێکی تەمەن 20 ساڵ و کچێکی تەمەن 13 ساڵ. هەروەها ژمارەیەک هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
 
لە زنجیرەیەکی دیکەی هێرشی مووشەکیدا، 3 کەسی دیکە لە شاری باتیام لە نێوەڕاستی ئیسرائیل کوژران. دەزگەی فریاکەوتن رایگەیاند، ژنێکی تەمەن 60 ساڵان گیانی لەدەستداوە کاتێک مووشەکێک بەر باڵەخانەیەک کەوتووە و زیانیشی بە "چەندین باڵەخانەی دەوروبەری" گەیاندووە.
 
هاوکات زیاتر لە 120 کەسی دیکەش لە ناوچەکانی نێوەڕاستی ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بوون.
 
بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە ئیسرائیل بۆ 7 کەس، ئاماژەیە بۆ تووندبوونی شەڕەکە لە سێیەم رۆژیدا. ئەمە لە کاتێکدایە ئێران هەڕەشەی کردووە هێرشەکانی "بەهێزتر و بەرفراوانتر" دەکات ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشەکانی.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی و بەپێی راپۆرتەکان، چەندین ئامانجی ستراتیژی لەنێویاندا ژێرخانی وزە و پرۆژەی ئەتۆمیی ئێرانی کردوونەتە ئامانج. شەڕەکە لە 13ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و ئێستا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس لە هەردوولا و مەترسییەکانی بۆ سەر سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە زیاد کردووە.