چەند سەرچاوەیەک: ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران رەزامەندیی شاراوەی ئەمریکای هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

میدیای ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپی و ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل دژی ئێران "چەندین هەفتە، نەک چەند رۆژێک" بخایێنێت و ئەم هەنگاوەش بە رەزامەندیی شاراوەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە CNNـی راگەیاندووە، "ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا هیچ رەخنەیەکی لەم ماوە درێژخایەنەی ئۆپەراسیۆنەکە نەگرتووە."
 
بەرپرسێکی کۆشکی سپیش رایگەیاندووە، ئیدارەی ئەمریکا ئاگاداری پلانەکانی ئیسرائیلە و "بەشێوەیەکی شاراوە پشتیوانی لێدەکات." لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ململانێکە چەند دەخایێنێت، بەرپرسەکە گوتوویەتی، "ئەوە بەندە بە وەڵامی ئێرانەوە."
 
هەروەها بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئیدارەی ترەمپ باوەڕێکی پتەوی هەیە ئەمە دەکرێت لە رێگەی بەردەوامیدان بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکرێت،" بەڵام جەختیشی کردووەتەوە، "ئەمریکا فەرمان بە ئیسرائیل ناکات هیچ شتێک بکات جگە لە بەرگریکردن لە خۆی."
 
شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە سێیەم رۆژی خۆیەوە، کە بەرەبەیانی 13ـی حوزەیران بە ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو"ی ئیسرائیل دەستیپێکرد.