ئەردۆغان: ناوچەکەمان بەرگەی شەڕێکی نوێ ناگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرۆککۆماری تورکیا و میری کوێت شەڕی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ کرد. سەرۆککۆماری تورکیا پێیوایە، ناوچەکە بەرگەی شەڕێکی نوێ ناگرێت.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە شێخ مەشعەل ئەحمەد جابر ئەلسوباح، میری کوێت کردووە و هەردوو لا شەڕی ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ کردووە.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ میری کوێت باسی لەوە کردووە: ''ئیسرائیل بەو هێرشانەی بۆ سەر ئێران کردوونی، سەقامگیریی ناوچەکەمانی خستووەتە مەترسی، ناوچەکەمان بەرگەی شەڕێکی نوێ ناگرێت''.
 
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا باسی لێوە کردووە، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بووە هۆی پەکخستنی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لەبارەی ئەتۆم؛ هەروەها گوتووشیەتی: ''تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لەبارەی ئەتۆم، دانوستاندنە''.
 
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە پەیوەندییەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، ''تورکیا و کوێت هەڵوێستی تووندیان لە دژی ئیسرائیل نیشانداوە بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە و ئەو هێرشکارییەی لە ناوچەکە کردوویەتی''.
 
سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ میری کوێت، جەختی لەوە کردووەتەوە، ''نابێت رێگە بدرێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرنجەکان لەسەر کۆمەڵکوژییەکەی غەززە لابدەن''.
 
سوپای ئیسرائیل، بەرەبەیانی رۆژی 13ی حوزەیرانی 2025 هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئێران دەستپێکرد، کەمتر لە 20 کاژێر دوای ئەوەش ئێران لە رێگەی مووشەکەوە دەستی بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کرد.