ڤۆن دێرلاین بۆ نەتەنیاهوو: ئێران سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی راگەیاند، نیگەرانی زۆریان لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و پێویستییەکی بەپەلەش بۆ چارەسەری جەنگی ئێران و ئیسرائیل لە رێگەی گفتوگۆوە هەیە.
لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "بە نیگەرانی زۆرەوە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین." دەشڵێت: "پابەندین بە ئاشتی، سەقامگیری و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان".
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ئەورووپا گوتیشی: "ئیسرائیل مافی بەرگریکردن لەخۆی هەیە و ئێرانیش سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەییە". ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەورووپا هەموو کات زۆر روون بووە کە نابێت هەرگیز ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆم. پێویستییەکی بەپەلەش بۆ چارەسەرێک لە رێگەی گفتوگۆوە هەیە".
رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. بەرپرسانی تەلئەڤیڤ هەڕەشەی بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان و بەرپرسانی تارانیش وەڵامی تووندتر دەکەن. بڕیاربوو ئەمڕۆش شەشەم گەڕی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێرانەوە لە عومان بەڕێوەبچێت، بەڵام دوێنێ بەڕێوەچوونی هەڵوەشێندرایەوە.
ڤۆن دێرلاین ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو کات نیگەرانیمان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی ئێران پێشانداوە. مووشەکەکانیان نەک تەنیا دژی شارەکانی ئیسرائیل بەڵکو دژی ئۆکرایناش بەکاردەهێندرێن".
شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا و جەنگی نێوانیان دەستیپێکرد. بەرپرسانی ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژئاوا ئێرانیان بە پێدانی مووشەک و درۆن بە رووسیا تۆمەتبارکردووە و ئەویش رەتیکردووەتەوە.