وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ سوپاسالار و سەرۆکی مۆساد کۆبووەوە و جەنگی نێوان سوپای وڵاتەکەیان و ئێرانیان تاوتوێکرد. 
 
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەگەڵ ئەیال زەمیری سوپاسالار و دەیڤید بارنیای سەرۆکی مۆساد (دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل) و بەرپرسانی باڵای سەربازیی وڵاتەکەی کۆبووەتەوە. 
 
وەک میدیای ئیسرائیل دەڵێت، کاتز ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا و مۆسادی لەنێو ئێران بە گرنگ ناوبردوون و داوای کردووە بەردەوام بن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان تاوەکو زیانی گەورە بەر پڕۆگرامی ئەتۆمی، بەرگریی ئاسمانی، سیستمی مووشەکی ئێران دەگەیێنن. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێران سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکەن و ئەوەش وایکردووە "تاران ببێتە بەیرووت و دانیشتووانەکەیشی ببنە بارمتە". 
 
لە لایەکی دیکەوە ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە میدیای عەرەبی راگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لە ئیسفەهان. 
 
ئەدرەعی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە: "ئەو دامەزراوە ستراتیژی و گرنگەش لە هێرشەکانمان رزگاری نەبوو. ئێمە بەردەوامین لە لێدان لە توانا ستراتیژییەکانی رژێمی ئێران، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە پرۆژە ئەتۆمییەکەوە هەیە".