رێکخراوەکان: ئیسرائیل یاسای نوێ بۆ رێگری لە گەیاندنی هاوکاری بە غەززە بەکاردەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 100 رێکخراوی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی لە نامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، یاسا نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ رێکخستنی کاری رێکخراوە بیانییەکان، بووەتە هۆی رەتکردنەوەی بەردەوامی داواکارییەکانیان بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە.
 
پەیوەندییەکانی نێوان رێکخراوە فریاگوزارییەکان و حکومەتی ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە گرژیی تێکەوتووە و بەرپرسانی ئیسرائیل زۆرجار گلەیی لەوە دەکەن، ئەو رێکخراوانە "لایەنگری" دەکەن. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 و دەستپێکردنی جەنگی غەززە، گرژتر بووەتەوە.
 
لە نامەی رێکخراوەکاندا، کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و ناوی ئۆکسفام و پزیشکانی بێ سنوور (MSF)ـی تێدایە، هاتووە: "دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل داواکاریی دەیان رێکخراوی ناحکومییان بۆ گەیاندنی پێداویستیی ژیانبەخش رەتکردووەتەوە، بە بیانووی ئەوەی (ئەم رێکخراوانە رێگەپێدراو نین بۆ گەیاندنی هاوکاری)."
 
لە بەرامبەردا، کۆگات (COGAT)، کە دەستەی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل و سەرپەرشتیاری کاروباری مەدەنیی ناوچە فەلەستینییەکانە، ئەو تۆمەتانەی بە "بانگەشەی ناڕاست" ناوبرد و رەتیکردنەوە.
 
بەگوێرەی نامە هاوبەشەکە، تەنیا لە مانگی تەممووزدا لانیکەم 60 داواکاری بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ غەززە رەتکراونەتەوە. 
 
رێکخراوی ئۆکسفامی بەریتانی رایگەیاندووە، رێگری لە گەیاندنی بەشێک لەو هاوکارییانە کراوە، کە بەبەهای 2.5 ملیۆن دۆلار خۆراکیان لەخۆگرتبوو.
 
رێکخراوی CARE ئاماژەی بەوەداوە، لە مانگی ئادارەوە رێگەیان پێنادرێت هاوکاری بگەیەننە کەرتی غەززە. رێکخراوێکی دیکە بەناوی Anera دەڵێت، هاوکارییەکانیان بە بەهای زیاتر لە7 ملیۆن دۆلار، کە بڕی برنجی پێویست بۆ 6 ملیۆن ژەمی تێدایە، لە بەندەری ئەشدۆدی ئیسرائیل لە دەرەوەی غەززە وەستاوە.
 
کۆگات رەتیدەکاتەوە کە ئیسرائیل رێگری لە گەیاندنی هاوکارییەکان کردبێت و لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی: "ئیسرائیل کار بۆ ئاسانکاری و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەکات، لە کاتێکدا حەماس هەوڵدەدات هاوکارییەکان بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سەربازی و پتەوکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر دانیشتوواندا بقۆزێتەوە." دەشڵێت: "ئەمە هەندێکجار لەژێر پەردەی هەندێک رێکخراوی فریاگوزاریی نێودەوڵەتیدا دەکرێت، جا لە ئاگاییدا بێت یان بێئاگایی." کۆگات ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی چوارشەممە نزیکەی 380 بارهەڵگر هاوکاری چوونەتە نێو کەرتی غەززەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئەمجەد شەوا، سەرۆکی تۆڕی رێکخراوە ناحکومییەکانی فەلەستین لە غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل " لە رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی بارهەڵگری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە" بۆ نێو کەرتی غەززە و گوتیشی: "ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی رۆژانە دەچنە غەززەوە لە باشترین حاڵەتدا لەنێوان 70 بۆ 90 بارهەڵگردایە."
 
لە مانگی ئاداری رابردوودا، حکومەتی ئیسرائیل کۆمەڵێک یاسای نوێی بۆ رێکخراوە بیانییە ناحکومییەکان پەسند کرد کە لەگەڵ فەلەستینییەکان کاردەکەن. یاساکە لەبارەی چۆنێتیی تۆمارکردن و کارکردنی رێکخراوەکانە لە ئیسرائیل. ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل وا دابنێن کە رێکخراوێک نکۆڵی لە "سرووشتی دیموکراتیی ئیسرائیل" دەکات یان "هەڵمەت لە دژی وڵاتەکە" بکات، رەنگە تۆمارکردنەکەی رەتبکرێتەوە.
 
ئەمیخای چیکلی، وەزیری کاروباری دیاسپۆرا، کە وەزارەتەکەی بەرپرسیارە لە تۆمارکردنی رێکخراوەکان، دەڵێت: "بەداخەوە، زۆر لە رێکخراوە فریاگوزارییەکان وەک پەردەیەک بۆ چالاکیی دووژمنکارانە و هەندێکجار تووندوتیژانە بەکاردەهێنرێن." چیکلی جەختی لەوەش کردەوە: "ئەو رێکخراوانەی هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکیی دووژمنکارانە یان تووندوتیژییەوە نییە، مۆڵەتی کارکردنیان پێدەدرێت."
 
رێکخراوە فریاگوزارییەکان هۆشداری دەدەن، یاسا نوێیەکان دانیشتووانی غەززە لە هاوکارییەکان بێبەش دەکەن و لە نامە هاوبەشەکەیاندا هاتووە: "ئەمڕۆ ترسی رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان بووەتە راستی؛ ئێستا سیستمی تۆمارکردن بۆ رێگریکردنی زیاتر لە هاوکاری و رەتکردنەوەی خۆراک و دەرمان لە خراپترین سیناریۆی برسێتیدا بەکاردەهێنرێت."
 
جۆلین ڤێلدوایک، بەڕێوەبەری رێکخراوی CARE دەڵێت: "ئەرکی ئێمە رزگارکردنی ژیانە، بەڵام بەهۆی سنووردارکردنەکانی تۆمارکردنەوە، خەڵکی سڤیل بێ ئەو خۆراک و دەرمانە بەجێهێڵراون کە بەپەلە پێویستیانە."
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئێستا ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر تاوەکو مانگی ئەیلوول زانیاریی هەستیار لەسەر کارمەندە فەلەستینییەکانیان رادەستی حکومەتی ئیسرائیل نەکەن، رەنگە بەتەواوی لە کارکردن لە ئیسرائیل و ناوچەکانی فەلەستین قەدەخە بکرێن. ئەگەر ئەمە رووبدات، "رەنگە زۆر لە رێکخراوەکان ناچاربن لە ماوەی 60 رۆژدا کارەکانیان لە غەززە و کەناری رۆژئاوا، بە قودسی رۆژهەڵاتیشەوە، رابگرن و سەرجەم کارمەندە بیانییەکانیان بکشێننەوە."