سوودانی لە لووتکەی دەوحە: بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەبێ رێگری، ناسەقامگیریی زیاتر دروستدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە لووتکەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی - ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، کە بە گوتەی ئەو "سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنە ئامانج" و دەڵێت، "بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەبێ رێگری، دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا کە لووتکەکە پێشکێشی کرد، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ قەتەر، گەلی فەلەستین و هەموو ئەو گەلانە دەربڕی کە لە لوبنان، سووریا، یەمەن و ئێران رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "هێرشکردنە سەر قەتەر، پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەڕەشەیە لەسەر هەوڵەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی قەتەر لە بواری نێوەندگیریدا. هێرشکردنە سەر قەتەر بە ئەنقەست دەرفەتەکانی چارەسەری ئاشتییانە لەناودەبات."
 
سوودانی داوای لە دامەزراوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە گەورەکان کرد، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن "بۆ رێگری لەوەی قەوارەی داگیرکەر زیانی بەئەنقەست بە سیستمی نێودەوڵەتی بگەیێنێت." گوتیشی، "ئاسایش و سەقامگیریی هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی، بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی بەکۆمەڵ و جێگەی گفتوگۆ نییە."
 
رۆژی 09-09-2025 هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد، کە دەگوترێت شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماسی تێدابووە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای هەڵوێستێکی یەکگرتووی کۆمکاری عەرەبی - ئیسلامیی کرد بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر دەوحە و داوایشی کرد، هەنگاوی نێودەوڵەتی بنرێت بۆئەوەی هێرشکار بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی هەڵبگرێت و لێپرسینەوەی نێودەوڵەتیی لەگەڵدا بکرێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی ئیسلامیی" کرد، کە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامی لەخۆبگرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییانەی گەلانی ناوچەکە رووبەڕوویان دەبنەوە. هەروەها گرووپێکی پەیوەندیی عەرەبی-ئیسلامی دروستبکرێت، کە سەردانی ئەنجوومەنی ئاسایش، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا بکات بۆ گەیاندنی هەڵوێستی وڵاتان و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلانی ناوچەکە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دانانی نەخشەڕێگەیەکی گشتگیر بۆ ئاگربەست لە غەززە بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی بە پێویست زانی، کە دواتر پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەی بەدوادابێت بە ئیدارەیەکی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبی. 
 
هەروەها سوودانی بە پێویستی زانی رێگری لە ئیسرائیل بکرێت، کە بە ئاشکرا باسی گۆڕینی سنوورە نێودەوڵەتییەکان بە زۆر دەکات، کە بە گوتەی سوودانی "دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر."