پەیامی تووندی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ ئیسرائیل دوای هێرشەکەی دەوحە

رووداو دیجیتاڵ

وڵاتانی بەشداربوو لە لووتکەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی- ئیسلامی رایانگەیاند، بەردەوامبوونی ئیسرائیل لە هێرشەکانى دەرفەتەکانی بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا دەشێوێنێت و هەڕەشە لە هەموو ئەو شتانە دەکات کە رێگەى دروستکردنی پەیوەندى لەگەڵیدا بەدەستهاتوون.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، لووتکەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی- ئیسلامی دەوحەى پایتەختى قەتەر کۆتاییهات و راگەیێنراوى کۆتایی لووتکەکەش بڵاوکرایەوە.  
 
وڵاتانى بەشدار لەو لووتکەکە سەرکۆنەى ئەو ھێرشەیان کرد کە ئیسرائل لە 9ى ئەیلوولى 2025 کردیە سەر کۆبوونەوەى ژمارەیەک لە سەرکردەی بزووتنەوەى حەماسی فەلەستینى لە دەوحە و بەهۆیەوە 6 کەس کوژران.
 
راگەیێندراوە هاوبەشەکەی وڵاتان دەڵێت، نەبوونی لێپرسینەوە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر پێشێلکارییە بەردەوامەکان، ئیسرائیلی هانداوە بۆ بەردەوامبوون لە "دەستدرێژییەکان"ـی و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان.
 
بەشدارانى لووتکەى دەوحە 20 بڕیار و راسپاردەیان لەبارەى چۆنێتى مامەڵەکردن لەگەڵ ھێرش و گوشارەکانى ئیسرائیل دەرکرد.
 
لە بڕیارەکاندا هاتووە کە "دەستدرێژی" ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر و بەردەوامبوونی دەرفەتەکانی بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا دەشێوێنێت و هەڕەشە لە هەموو ئەو شتانە دەکات کە رێگەى دروستکردنی پەیوەندى لەگەڵ ئیسرائیل بەدەستهاتوون بە رێککەوتنەکانى ئێستا و داهاتووشەوە.
 
یەکێک لە بڕیارەکان، پاڵپشتیکردنى قەتەر و گرتنەبەرى رێوشوێنەکان بۆ وەڵامدانەوەى ئەو هێرشانەى ئیسرائیل و دەڵێت :"ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی قەتەر کە وڵاتێکە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی کار دەکات لە هەوڵەکاندا بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و ئازادکردنی بارمتە و دیلەکان هەڵکشانێکى مەترسیدار و دەستدرێژییە بۆ سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گێڕانەوەی ئاشتی".
 
لە بڕیارێکى دیکەدا هاتووە: "جەختکردنەوە لەسەر پێویستی وەستان دژی پلانەکانی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی واقیعێکی نوێ لە ناوچەکەدا، کە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پێویستی رووبەڕووبوونەوەیان".
 
رۆژی 09-09-2025 هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە دەوحەی قەتەر بۆردوومان کرد، کە دەگوترێت شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوەی حەماسی تێدابووە.
 
هەڵوێستی ژمارەیەک وڵاتانی بەشداربوو بەوشێوەیە بوو:
 
عێراق
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی- ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد، کە بە گوتەی ئەو "سەقامگیریی ناوچەکە دەکەنە ئامانج" و دەڵێت، "بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی ئیسرائیل بەبێ رێگری، دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی زیاتر."
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا کە لووتکەکە پێشکێشی کرد، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ قەتەر، گەلی فەلەستین و هەموو ئەو گەلانە دەربڕی کە لە لوبنان، سووریا، یەمەن و ئێران رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "هێرشکردنە سەر قەتەر، پێشهاتێکی مەترسیدار و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەڕەشەیە لەسەر هەوڵەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی قەتەر لە بواری نێوەندگیریدا. هێرشکردنە سەر قەتەر بە ئەنقەست دەرفەتەکانی چارەسەری ئاشتییانە لەناودەبات."
  
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای "پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی ئیسلامیی" کرد، کە وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ئیسلامی لەخۆبگرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییانەی گەلانی ناوچەکە رووبەڕوویان دەبنەوە. هەروەها گرووپێکی پەیوەندیی عەرەبی- ئیسلامی دروستبکرێت، کە سەردانی ئەنجوومەنی ئاسایش، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا بکات بۆ گەیاندنی هەڵوێستی وڵاتان و بەرگریکردن لە مافەکانی گەلانی ناوچەکە.
 
قەتەر
 
میری قەتەر هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە وڵاتەکەی بە "دەستدرێژییەکی گەورە و ترسنۆکانە" ناوبرد، رایشیگەیاند، جەنگی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بووەتە جەنگی قڕکردن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل کار بۆ "دابەشکردنی سووریا دەکات."
 
شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر ئاماژەی بەوە دا، لووتکە نائاساییەکە دوای ئەو "دەستدرێژییە گەورەیە" بەڕێوەدەچێت و گوتی، "هاووڵاتییان و دانیشتووان تووشی سەرسوڕمان بوون، نەک تەنها لەبەر ئەوەی هێرشەکە دژی سەروەریی دەوڵەتێک بوو و پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی بوو، بەڵکو بەهۆی ئەم دەستدرێژییە ترسنۆکانەیەشەوە."
 
میری قەتەر بە تووندی رەخنەی لە رەفتارەکانی ئیسرائیل گرت و گوتی، "دەستدرێژیی ئیسرائیل ئاشکرایە، ناپیاوانەیە و ترسنۆکانەیە."
 
بە گوتەی میری قەتەر، "ئیسرائیل کار بۆ دابەشکردنی سووریا دەکات،" بەڵام دەڵێت، پلانەکانی ئیسرائیل لەوبارەیەوە "سەرناگرن."
 
ئێران
 
ئێران، کە لە مانگی حوزەیران هێرشی کردە سەر بنکەیەکی قەتەر، بەشداری لە لووتکەکەدا کرد. 
 
دوای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی حوزەیران بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد، ئێران هێرشی کردە سەر بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر، کە ناوەندێکی سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکایە؛ ئەو هەنگاوەش قەتەری تووڕە کرد. سەرەڕای ئەوەش، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەشداری لە لووتکەکەدا کرد و داوای لە بەشداربووان کرد کە "دەستدرێژیکار گۆشەگیر بکەن."
 
پزیشکیان باسی لە شەڕی ئیسرائیل دژی ئێران لە مانگی حوزەیراندا کرد. هەروەها هۆشداری دا کە رەنگە هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە ببێتە ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل. 
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "هێرشەکەی سەر دەوحە زۆربەی هەڵەخوێندنەوە و بیرۆکە هەڵەکانی گۆڕی. ئەوەی دەرخست کە هیچ وڵاتێکی عەرەبی یان موسڵمان لە دەستدرێژییەکانی رژێمی تەلئەبیب پارێزراو نییە. سبەی رەنگە نۆرەی هەر پایتەختێکی دیکەی عەرەبی یان موسڵمان بێت."
 
سووریا
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە لووتکەکەدا رایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە هێرشێکی بێوێنەیە بۆ سەر دیپلۆماسی و گوتیشی: "لە مێژوودا دەگمەنە دانوستاندنکاران بکوژرێن و بێوێنەشە نێوەندگیگران بکرێنە ئامانج."
 
سەرۆکی سووریا هەروەها هاوسۆزیی سووریای بۆ قەتەر دەربڕی و گوتی: "ئێمە لە دژی هێرشە دڕندانەکەی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتی قەتەرداین."
 
شەرع هەروەها سەرکۆنەی بەردەوامیی کردەوە سەربازییەکانی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "هێرشەکان بۆ سەر غەززە بەردەوامن و ئیسرائیل لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا هێرشی کردووەتە سەر سووریا."
 
سەرۆکی کاتیی سووریا داوای یەکڕیزیی عەرەبی و ئیسلامیی کرد و هۆشداریی لە دابەشبوون دا و گوتی: "هیچ گەلێک یەکینەگرتووە بەبێ ئەوەی بەهێزتر بێت و هیچ گەلێکیش دابەشنەبووە بەبێ ئەوەی لاوازتر بێت."
 
لوبنان
 
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەبوونی لوبنان تەنیا سیمبۆلی نییە. ئەو گوتی: "ئێمە لێرە نین تەنیا بۆ دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ وڵاتێکی دەستەخوشک. ئێمە لێرەین، بەناوی لوبنانەوە، هەموو لوبنان، بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆمان بکەین."
 
عەون رایگەیاند، هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، مەبەست لێی لاوازکردنی رۆڵی قەتەر بووە وەکو نێوەندگیر. گوتیشی: "ئامانجی راستەقینەی دەستدرێژییەکەی ئەم دواییەی سەر دەوحە تاکەکان نەبوون، بەڵکو خودی بیری نێوەندگیری بوو. هەر بۆیە قەتەر هەڵبژێردرا، چونکە هاندەری ئاشتەوایی و ئاشتییە."
 
سەرۆکی لوبنان داوای کرد هەنگاو دژی ئیسرائیل بگیرێتەبەر و گوتی، "من دەستەواژەی سەرکۆنەکردن دووبارە ناکەمەوە. مێژوومان پڕە لەوانە، ئەوەندە کە بوونەتە مایەی بێزاری، تەنانەت بۆ گەلەکەشمان."
 
دەسەڵاتی فەلەستین
 
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین جەختی لە پێویستیی یەکڕیزیی عەرەبی و ئیسلامی کردەوە لە بەرامبەر ئیسرائیل، هاوکات پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ قەتەر دەربڕی.
 
مەحموود عەباس گوتی، "ئێمە ئەمڕۆ لە دەوحە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی یەکگرتووانە لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر، سەرکردایەتی و گەلەکەی، بوەستین و هاوسۆزیی تەواوی خۆمان لە بەرامبەر دەستدرێژییە دڕندانەکەی ئیسرائیل رابگەیێنین."
 
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین هەروەها جەختی لەو پرەنسیپە کردەوە کە هەڕەشە بۆ سەر یەک وڵاتی عەرەبی یان ئیسلامی هەڕەشەیە بۆ سەر هەمووان، و گرنگیی وەڵامدانەوەی هاوبەشی بۆ ئەو پێشێلکارییانە دووپاتکردەوە.
 
تورکیا
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هۆشداری دا کە هێرشەکانی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، دەستدرێژیکردنە سەر دەوڵەتێکی نێوەندگیری وەکو قەتەر، "لووتبەرزیی ئیسرائیلی" گەیاندووەتە ئاستێکی پێشبینینەکراو. جەختیشی لەوە کردەوە کە "تورکیا لە هەموو بارودۆخ و کاتێکدا لەگەڵ قەتەرە."
ئەردۆغان هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلیی بە دووبارەکردنەوەی "وەهمەکانی ئەوەی پێیدەگوترێت ئیسرائیلی گەورە" تۆمەتبار کرد. هەروەها گوتی، ئێستا روونە کە حکومەتەکەی نەتەنیاهوو ئامانجیەتی بەردەوام بێت لە "کۆمەڵکوژیکردنی گەلی فەلەستین" و ناوچەکە بەرەو ئاژاوە و ناسەقامگیری رابکێشێت.
 
ئەردۆغان پێشنیازی کرد  وڵاتانی ئیسلامی گوشاری ئابووری بخەنە سەر ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەدا کە ئەزموونەکانی پێشوو سەرکەوتنی رێکاری لەو جۆرەیان سەلماندووە. گوتیشی، دەبێت خێرایی سزاکان دژی ئیسرائیل لەژێر یاسای نێودەوڵەتیدا زیاتر بکەن و کاربکەن بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی ئیسرائیل بەپێی میکانیزمە یاساییە نێودەوڵەتییەکان.