ئیسرائیل: رووفاتی چوار بارمتەی دیکەمان وەرگرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، رووفاتی چوار بارمتەی دیکە کە رۆژی سێشەممە لەلایەن حەماسەوە رادەستکرانەوە، لە کەرتی غەززەوە گەیێندرانەوە ئیسرائیل؛ ناسنامەی ئەو کەسانەش پشتڕاستکرایەوە کە رۆژێک پێشتر تەرمەکانیان رادەستکرابووەوە. تاوەکو ئێستا تەرمی 8 بارمتە رادەستکراوە و 20 تەرمی دیکە لای حەماس ماون.
رووفاتەکان سەرەتا رادەستی خاچی سوور دەکرێن، دواتر بۆ ئیسرائیل دەگوازرێنەوە، ئەمەش نوێترین هەنگاوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە 2 ساڵ شەڕ لە کەرتی غەززە.
سوپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کەمێک لەمەوبەر، رووفاتی 4 بارمتە لە سنوورەوە برایە نێو دەوڵەتی ئیسرائیل؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە رووفاتەکان دەبرێنە دادپزیشکی.
رۆژی دووشەممە، حەماس رووفاتی چوار بارمتەی رادەستکردبووەوە، ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئازادکردنی دوایین 20 بارمتەی زیندوو لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە هات.
لەلایەکی دیکەوە، نەخۆشخانەیەکی غەززە بڵاویکردەوە، تەرمی 45 فەلەستینییان لە ئیسرائیل وەرگرتووەتەوە کە ئەوەش بەشێکە لە پلانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ئەو کەسانەی رۆژی دووشەممە رووفاتەکانیان رادەستکرایەوە بریتیبوون لە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی گای ئیلوز، یۆسی شەرابی و دانیال پێرێز، لەگەڵ بیپین جۆشی، هاووڵاتی نیپاڵی.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیسرائیل دەبێ لە بەرامبەر هەر رووفاتێکی ئیسرائیلیدا تەرمی 15 فەلەستینی رادەست بکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانمان لادرا، بەڵام ئەرکەکە تەواو نەبووە".
چەکدارە فەلەستینییەکان هێشتا رووفاتی 20 بارمتەی دیکەیان لایە، کە چاوەڕوان دەکرێت بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنی ئاگربەست بگەڕێندرێنەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای سەردانکردنی ئەو بارمتانەی رۆژی دووشەممە ئازادکرابوون لە نەخۆشخانەی بێلینسۆن لە ناوەڕاستی ئیسرائیل، گوتی، "سوورین لەسەر گەڕاندنەوەی هەمووان."