فەرماندەی سێنتکۆم داوا لە حەماس دەکات واز لە تەقەکردن لە هاووڵاتییانی سڤیل بهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی باڵای هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داوای لە حەماس کرد واز لە تەقەکردن لە هاووڵاتییانی سڤیلی فەلەستینی بهێنێت، ئەمەش دوای ئەوەی حەماس لەسەر شەقام بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی دووژمن" چەند کەسێکی گوللەباران کرد.
 
ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "ئێمە بە تووندی داوا لە حەماس دەکەین دەستبەجێ تووندوتیژی و تەقەکردن لە هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوانی فەلەستینی لە غەززە رابگرێت، چ لەو بەشانەی غەززە کە لەژێر کۆنترۆڵی حەماسدان و چ لەوانەی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە پشت هێڵی زەرد پارێزراون".
 
لەدوای کشانەوەی بەشێکی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بەپێی رێککەوتنی ئاگربەست، حەماس دەستی بە تووندکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شارە وێرانبووەکاندا کردووە و هەڵمەتێکی گرتن و سزادانی خەڵکی لە شەقامەکاندا دەستپێکردووە.
 
کوپەر داوای لە حەماس کرد، لە رێگەی "وازهێنانی تەواوەتی، پابەندبوونی تووند بە پلانی ئاشتیی 20 خاڵیی سەرۆک ترەمپ و چەکدانان، ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ ئاشتی بقۆزێتەوە."
 
کوپەر هەروەها گوتی: "نیگەرانییەکانی خۆمان گەیاندووەتە نێوەندگیرەکان، کە رەزامەندییان دەربڕیوە کارمان لەگەڵ بکەن، بۆ سەپاندنی ئاشتی و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلی بێتاوانی غەززە".
 
حەماس لە کەناڵی فەرمیی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا کوشتنی هەشت گومانلێکراو نیشان دەدات کە چاویان بەستراوە و لەسەر ئەژنۆ دانیشتوون و بە "هاوکاریکردنی دووژمن و یاساشکێن" وەسفیان دەکات.
 
دیمەنەکە، کە وا دەردەکەوێت لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە بێت، لە کاتێکدا بڵاوکرایەوە پێکدادانی چەکداری لەنێوان یەکە ئەمنییە جیاوازەکانی حەماس و خێڵە چەکدارە فەڵەستینییەکان هەبوو، کە دەگوترێت هەندێکیان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتیوانی دەکرێن.
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی سێشەممە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، حەماس "ژمارەیەک ئەندامی گرووپە چەکدارەکانی کوشتووە، ئەوە زۆر منی بێزار نەکرد." هەروەها گوتیشی: "ئەوە کێشە نییە. ئەوان دوو گرووپی زۆر خراپن"، لە هەمان کاتدا بەڵێنی دا کە حەماس چەک دەکرێت.
 
لە باکووری کەرتی غەززە، لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە شاری غەززە، پۆلیسی چەکداری دەمامکداری حەماس دەستیان بە گەڕان بە شەقامەکاندا کردەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنیی فەڵەستینی لە غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "پەیامی ئێمە روونە: هیچ شوێنێک بۆ یاساشکێنان و ئەوانەی هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییان دەکەن، نابێتەوە."
 
ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، نابێت حەماس هیچ رۆڵێکی لە حکومەتی داهاتووی غەززەدا هەبێت.