چاودێریی مافی مرۆڤ: دەبێت وەک تاوانی جەنگ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی جیهانیی چاودێریی مافی مرۆڤ داوا دەکات دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی ئیسرائیل وەکو "تاوانی جەنگ" بکات و داوای لە وڵاتانی زلهێز کرد چی دیکە چەکی پێ نەفرۆشن.

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، رێکخرای چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ - HRW) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە تەندروستی و کارمەندەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی و دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی وەک "تاوانی جەنگ" لێکۆڵینەوەی لێبکرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هێرشە نایاسایی و بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانە و کارمەند و ئەمبوڵانسەکان زیاتر کەرتی تەندروستیی غەززە لەنێو دەبەن. تا 12-11-2023 ئیسرائیل 137 هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوە تەندروستییەکان، 521 کەس کوژراون کە 16یان کارمەندی تەندروستین. هەروەها بەگوێرەی بەدواداچوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا 10-11-2023 دوو لەسەر سێی دامەزراوەکانی چاودێریی سەرەتایی تەندروستی و نیوەی نەخۆشخانەکان لەکارکەوتوون، ئەمە لەکاتێکدا کارمەندانی تەندروستی رۆژانە ژمارەیەکی ئێجگار زۆری بریندار و نەخۆش بۆ چارەسەرکردن وەردەگرن."
 
بەگوێرەی لێدوانی چەند دکتۆرێک بۆ رێکخراوەکە، ئەوان بەبێ بێهۆشکردن نەشتەرگەریی دەکەن و لەجیاتی دژە بەکتریا، سرکە بەکاردەهێنن.
 
قەیوم ئەحمەد، راوێژکاری تایبەتی مافی تەندروستی لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، "هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زیان بە نەخۆشخانەکان و کارمەندانی چاودێریی تەندروستی دەگەیێنن، کە خۆیان بەهۆی گەمارۆیەکی نایاسایی بە تووندی زیانیان بەرکەوتووە، ژێرخانی چاودێریی تەندروستیی غەززەیان وێران کردووە." هەروەها گوتیشی، "هێرشەکان بە سەدان خەڵکیان کوشتووە و ژیانی زۆربەی نەخۆشەکانیان خستووەتە مەترسییەوە، چونکە ناتوانن دەستیان بە پێداویستییە تەندروستییەکان بگات."
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رێکخراوە جیهانییەکە، لەنێوان 7-10-2023 بۆ 7-11-2023، ئیسرائیل بۆردوومانی هەریەک لە نەخۆشخانەکانی ئەندەنووسی، ئەهلی، سەنتەری چاو، هاوڕێیەتی تورکی-فەلەستینی و قودس کردووە. هەروەها، لە 10-11-2023ـەوە لەنێو 36 نەخۆشخانە 18یان لەکارکەوتوون و لە 72نۆرینگەش 46 یان بەهۆی بۆردوومانەوە داخراون.
 
دکتۆرێک لە نەخۆشخانەی نەسڕ بە رێکخراوەکەی راگەیاندووە، "ژنێکی 60 ساڵانیان هێنا کە برینێک لەسەری هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەلوپەل و دەستکێشی پزیشکی ناچاربووین کەلوپەلی خاوێننەکراوە بەکاربهێنین."
 
رێکخراوی HRW دەڵێت، "بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، بەهیچ جۆرێک نابێت هێرش بکرێتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان. ئەوکاتە سوپا دەتوانێت هێرش بکات ئەگەر نەخۆشخانە بووە هۆی زیانگەیاندن بە سوپا ئەمەش دوای ئەوەی ئاگاداری خەڵکەکەی کردەوە، تەنانەت ئەگەر گرووپێکی چەکداری بەشێوەیەکی نایاسایی چەک و تەقەمەنی لە نەخۆشخانە حەشاربدات، سوپا پێش هێرشکردن دەبێت ئاگاداریی بڵاوبکاتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە هاتووە، "رۆژی 13-10-2023 ئیسرائیل ئاگاداری 22 نەخۆشخانەی کردەوە کە بەزووترین کات چۆڵیان بکەن. ئاگادارییەکەی ئیسرائیل کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو چونکە هیچ رێوشوێنێکی سەلامەتی بۆ خەڵکی سڤیل، بریندارەکان و کارمەندانی تەندروستی دانەنا تا بتوانن بە سەلامەتی بڕۆنە دەرەوە."
 
لەکۆتاییدا، رێکخراوەکە داوایکرد، "ئیسرائیل پێویستە بەپەلە بۆردوومان و هێرشە نایاساییەکانی سەر ئەمبوڵانس، کارمەندان و نەخۆشخانەکان رابگرێت. هەروەها گەمارۆی سەر کەرتی غەززە دەچێتە قاڵبی سزادانی بەکۆمەڵ و تاوانی جەنگ."
 
ئەوان داوایان لە وڵاتانی کەنەدا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا کرد کە یارمەتیی سەربازیی ئیسرائیل نەدەن و چەکی پێنەفرۆشن. هەروەها داوایانکرد کە دەبێت ئیسرائیل قوفڵی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی لەسەر کەرتی غەززە بکاتەوە و دڵنیابێتەوە لەوەی خەڵکی غەززە دەستیان بە خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان دەگات.