هێلیکۆپتەرێکی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین تێکشکا

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی جۆری بلاک هۆک لەکاتی ئۆپەراسیۆنێک لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین تێکشاوە. رووداوەکە دوای ئەوە هات، هێلیکۆپتەرەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەهۆی خراپیی بارودۆخی کەشوهەواوە ناچار بوو بەپەلە بنیشێتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل، هێلیکۆپتەرەکە رۆژی سێشەممەی رابردوو بەهۆی بارانی بەخوڕ و تەمومژەوە لە ناوچەیەکی کراوەی نزیک شارۆچکەی گۆش ئێتزیۆن لە باشووری بێتلەحم نیشتبووەوە و زیانێکی کەمی بەرکەوتبوو.
 
ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل هەوڵیداوە بە هێلیکۆپتەرێکی بارهەڵگر، هێلیکۆپتەرە زیانلێکەوتووەکە ببەنەوە، بەڵام لە ئاسمانەوە هێلیکۆپتەرەکە بەربووەتەوە و بەتەواوەتی تێکشاوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، لە هەردوو رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی هیچ کەسێک تۆمار نەکراوە.
 
تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕی سەربازی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی رووداوەکە.
 
هێلیکۆپتەرەکانی جۆری بلاک هۆک، کە لەلایەن ئەمریکاوە دروستکراون و لەناو هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلدا نازناوی "یانشوف"ـیان پێدراوە (کە بە عیبری بە واتای کوندەپەپوو دێت)، بە یەکێک لە گرنگترین هێلیکۆپتەرەکانی سوپای ئیسرائیل دادەندرێن. 
 
ئەم هێلیکۆپتەرانە بۆ ئەرکی گواستنەوەی ئاسایی و گەیاندنی پێداویستیی لۆجستی و بۆ داگرتن و هەڵگرتنەوەی سەربازانی هێزە تایبەتەکان لە قووڵایی خاکی دوژمندا لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاردەهێندرێن.