لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری لوبنان کەسێک کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی هەینی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، هاووڵاتییەک کوژراوە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە گرژییەکان لە سنوورەکاندا بەردەوامن و رۆژێک پێشتر ئیسرائیل چەندین هێرشی کرد و رایگەیاندبوو، پێگەکانی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
 
ئیسرائیل، سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024، کە بۆ کۆتاییهێنان بە زیاتر لە ساڵێک لە پێکدادانی سەرسنووری لەگەڵ حیزبوڵڵا واژۆ کرا، بەردەوام بووە لە هێرش بۆ سەر خاکی لوبنان. حکومەتی ئیسرائیل زۆربەی کات پاساوی ئەوە دەهێنێتەوە کە ئەندامان یان ژێرخانی سەربازیی ئەو گرووپە دەکاتە ئامانج، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری لوبنان.
 
رۆژی هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوەدا "هێرشێکی دووژمنکارانەی ئیسرائیل" ئۆتۆمبێلێکی لە شارۆچکەی مەنسووری لە کەناراوەکانی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێک لە سەرنشینەکانی.
 
هەروەها، وەزارەتەکە پشتڕاستی کردەوە، شەوی رابردوو لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر شارۆچکەی مەیفەدوون لە باشووری لوبنان، کەسێکی دیکە کوژراوە.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو لە یەکێک لە هێرشەکانیدا ئەندامێکی حیزبوڵڵای کوشتووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئیسرائیل، ئەو ئەندامە "بەشداریی لە هەوڵەکاندا کردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا لە ناوچەی زەوتەر ئەلشەرقییە."
 
ئەم هێرشانە تەنیا یەک هەفتە دوای ئەوە دێن، سوپای لوبنان رایگەیاند، پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵای لە باشووری رووباری لیتانی تەواوکردووە، کە وەکو قۆناخی یەکەمی پلانێکی گشتگیر بۆ سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت راگەیێندرابوو. لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئەو هەوڵانەیان بە "ناتەواو و رووکەش" ناوبردوو.
 
رۆژی پێنجشەممە، ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانیشی کردە سەر ناوچەی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبنان، کە دەکەوێتە باکووری رووباری لیتانی و بە یەکێک لە قووڵاییە ستراتیژییەکانی حیزبوڵڵا دادەنرێت. هێرشەکان دوای دەرکردنی هۆشداریی چۆڵکردن بۆ دانیشتووانی ناوچەکە کران.
 
هاوکات، هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێڵ)، کە بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست و جیاکردنەوەی هێزەکان لە باشوور جێگیرکراون، رۆژی هەینی رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل "نارنجۆک"ێکی لە نزیک یەکێک لە بنکەکانیان فڕێداوەتە خوارەوە.
 
رۆژی دووشەممەی رابردووش، یونیفێڵ لە راگەیێندراوێکی دیکەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو کاتێک رایگەیاند، تانکێکی ئیسرائیلی لە نزیک یەکێک لە خاڵەکانی چاودێریی هێزەکانیانەوە تەقەی کردووە و هۆشداریی دا کە رووداوی لەو جۆرە "بە شێوەیەکی نیگەرانکەر دووبارە دەبنەوە و بوونەتە دیاردەیەکی باو."