حووسییەکان: کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکامان لە دەریای سوور کردە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ 

حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا لە دەریای سوور. 
 
ئەم راگەیێندراوەی حووسییەکان چەند کاژێرێکی کەم دوای ئەوە هات کە ئەمریکا هێرشی کردە سەر پێگەکانیان و 31 کەسی کوشت و 101 کەسی دیکەشی بریندارکرد. 
 
حووسییەکان دەڵێن: "لە وەڵامی ئەم دوژمنکارییەی ئەمریکادا، هێزە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان کرد و کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکا، یو ئێس ئێس هاری ترومان و کەشتییەکانی دیکەی لەگەڵیدا کردنە ئامانج."
 
بە گوتەی حووسییەکان، هێرشەکەیان بە 18 مووشەک و درۆنێک کردووە. 
 
عەبدولمالک حووسی، سەرۆکی حووسییەکان لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا داوا لە شوێنکەوتووانی دەکات، رۆژی دووشەممە، خۆپێشاندانی "ملیۆنی" لە سەنعا و شارەکانی دیکە بکەن.
 
ئەو دەڵێت: "هیوادارم خۆپێشاندانی سبەی گەورە و مەزن بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانکاریی ئەمریکی."
 
بە گوتەی ئەینس سەباحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروسیی حووسییەکان، زۆربەی کوژراو و بریندارانی هێرشەکەی رۆژی شەممەی ئەمریکا بۆ سەر سەنعای پایتەختی یەمەن، ژن و منداڵ بوون.
 
بەرپرسانی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە هەڕەشەیان کرد کە ئەگەر حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور رانەگرن، هێرشی زیاتریان دەکەنە سەر.
 
نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە هەردوو لا دەکات، هێرشەکانیان بوەستێنن چونکە ئەوە "مەترسیی زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکانی لێدەکەوێتەوە." 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی هێرشەکانی شەوی شەممە، بە فەرمانی خۆی کراون و هەڕەشەی کرد گەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکەی لایەنگری ئێران نەوەستێنرێن، ئەمریکا گورزی زیاتریان لێدەدات.
 
ئەم هێرشەی کە رۆژی یەکشەممە کە وەک حووسییەکان دەڵێن کردوویانەتە سەر فڕۆکە هەڵگرەکە، یەکەمین هێرشە لە 19ی کانوونی دووەمەوە کرابێت. 
 
هێرشەکان لەو رۆژەوە بەهۆی دەستپێکردنی ئاگربەستی غەززە وەستابوون. 
 
بەڵام رۆژی سێشەممەی رابردوو، حوسییەکان رایانگەیاند، دەستدەکەنەوە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل.
 
"ئێرانمان ئاگادار کردەوە؛ ئیدی بەسە"
 
مایکڵ واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە کەناڵی ئەی بی سی نیووزی ئەمریکای گوت کە هێرشەکانی رۆژی شەممە "چەندین سەرکردەی حووسییان پێکا و لەنێویان بردن".
 
هەروەها بە فۆکس نیووزی گوت: "بە هێزێکی  کەمەرشكێن لێماندان و ئێرانمان ئاگادار کردەوە کە ئیدی بەسە."
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەڵێنی دا کە هێرشەکانیان "بێووچان" دەبن تاوەکو هێرشەکانی حووسییەکان دەوەستن.
 
هێگسەس بە فۆکس بزنسی راگەیاند: "دەمەوێت زۆر روون بم، ئەم هەڵمەتە پەیوەندیی بە ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان و تۆکمەکردنەوەی هێزی بەرپەرچدانەوەیە. هەر کاتێک حووسییەکان گوتیان، 'ئێمە وازدەهێنین و چیدیکە هێرش ناکەینە سەر کەشتییەکان، وازدەهێنین لە تەقەکردن لە درۆنەکانتان،' ئەم هێرشەی ئێمەش کۆتایی دێت. بەڵام تاوەکو ئەوکات، بێووچان دەبێت."
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، گوتی، "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان"ی لە دژی حووسییەکان ئەنجام داوە.
 
شایەتحاڵەکان لە یەمەن رۆژی یەکشەممە گوتیان، قەبارەی هێرشەکە ئەوانی تاساندووە. 
 
ئەو ڤیدیۆیانەی لە لایەن میدیای حووسییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن، ژن و نداڵان لە نێو برینداران لە نەخۆشخانەن. 
 
ئەحمەد، باوکی دوو منداڵە، دەڵێت: "10 ساڵە لە سەنعا دەژیم، بە درێژایی شەڕەکە دەنگی تۆپباران و بۆردوومانم بیستووە. بە خوا، هەرگیز شتێکی لەم جۆرەم نەبینیوە."
 
ترەمپ، رۆژی شەممە، لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشەی بەکارهێنانی "هێزی کوشندەی کەمەرشكێنی" لە حووسییەکان کرد، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی کۆتایی بە هێرشی حووسییەکان بێنێت. 
 
ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا قبوول ناکرێن. تا ئەو کاتەی ئامانجەکانمان بەدەستدێنین، هێزی کوشندەی کەمەرشکێن بەکاردێنین."
 
ترەمپ بە پیتی گەورە بۆ حووسییەکانی نووسیوە: "کاتتان تەواو بوو. پێویستە هێرشەکانتان بوەستێن، لە ئەمڕۆوە. ئەگەر وانەکەن، دۆزەختان بەسەردا دەبارێت کە هەرگیز پێشتر شتی لەو شێوەیەتان نەبینیوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریش بە ئێران دەدات و دەڵێت: "پێویستە دەستبەجێ پشتیوانیکردنی حووسییە تیرۆرستەکان بوەستێت. هەڕەشە لە خەڵکی ئەمریکا و سەرۆککەیان نەکەن کە لە مێژووی سەرۆکایەتیدا گەورەترین ئەرکی وەرگرتووە."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە هەڕەشەکەیدا بۆ ئێران دەشڵێت، ئەگەر پشتیوانی لە حووسییەکان بکەن، "ئاگادار بن، چونکە ئەمریکا رووبەڕووی بەرپرسیارێتیتان دەکاتەوە و لەوەدا نەرمونیان نابین!"
 
لە هێرشەکانی رابردوودا، حووسییەکان زیاتر لە 100 کەشتییان بە مووشەک و درۆن بە ئامانج گرتوون، دوو کەشتییان نوقمکردووە و چوار دەریاوانیان کوشتووە.