ترەمپ: پاراستنی تەنگەی هورمز تەنیا ئەرکی ئەمریکا نییە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووند دەداتە وڵاتانی ئەورووپا و رایدەگەیێنێت، ئەگەر لە جەنگی دژی ئێراندا پشتیوانی واشنتن نەکەن، داهاتووی هاوپەیمانێتیی ناتۆ دەکەوێتە مەترسییەوە. هاوکات دەڵێت، "سوپای ئێران داڕماوە" و ئەگەر هەیە وێستگەی نەوتیی خارگ بۆردومان بکەن.
 
دۆناڵد ترەمپ بە فاینانشاڵ تایمزی راگەیاند، داهاتووی هاوپەیمانێتیی ناتۆ لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، ئەگەر وڵاتانی ئەورووپا رەتیبکەنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئێستای دژی ئێراندا پاڵپشتی ئەمریکا بکەن. ترەمپ هۆشداریی دا کە ناتۆ رووبەڕووی "داهاتوویەکی زۆر خراپ" دەبێتەوە ئەگەر هاوپەیمانەکان یارمەتیی واشنتن نەدەن لە بەڕێوەبردنی ئەم قەیرانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ترەمپ رەخنەی تووندی لە وڵاتانی ئەورووپا گرت و گوتی، ئەوان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان "بڕێکی زۆر و زیاد لە پێویست" پشت بە ئەمریکا دەبەستن. ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتن پشکی شێری بارگرانییە سەربازی و داراییەکانی ناتۆی گرتووەتە ئەستۆ، لە کاتێکدا هاوپەیمانەکان بەشدارییەکی کەم دەکەن. داواشی لێکردن خەرجییە بەرگرییەکانیان زیاد بکەن و بەرپرسیارێتی ئاسایشی خۆیان هەڵبگرن.
 
هەڕەشەی سەربازی و ئاسایشی وزە
 
سەبارەت بە دۆخی ئێران، ترەمپ رایگەیاند کە توانای سەربازیی ئێران "پووکاوەتەوە و تێکشکاوه". هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە هەڕەشەکردن لە کەشتیوانیی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، واشنتن هێرشی زیاتر ئەنجام دەدات.
 
ترەمپ بە دیاریکراوی باسی لە ئەگەر هێرشکردنە سەر دوورگەی خارگ کرد، کە گرنگترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە. گوتیشی: "دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تەنگەی هورمز بکەنەوە، کە ئێران لە کاتی جەنگدا بە کردەیی دایخستووە."
 
بەرپرسیارێتیی هاوبەش بۆ تەنگەی هورمز
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز، کە گرنگترین رێڕەوی گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا، نابێت تەنیا ئەرکی ئەمریکا بێت.
 
پەیامەکەی ترەمپ ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەو وڵاتانەی پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستن، بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا، کە دەبێت بەشداریی سەربازی بکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێراندا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هاوپەیمانەکان بەشداریی نەکەن، هەماهەنگیی سیاسی و سەربازی لە ناو ناتۆدا بەرەو لاوازییەکی بێوێنە دەچێت.