حیزبوڵڵا: لە رۆژێکدا 25 ئۆپەراسیۆنی سەربازیمان دژی ئیسرائیل ئەنجامدا


رووداو دیجیتاڵ

حیزبوڵڵا رایگەیاند، 25 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە مووشەک و درۆن کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل، لەنێویاندا سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی، بنکەی سەربازی، کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و چەندین کۆبوونەوەی سوپا لە ناوچە جیاوازەکانی باکووری ئیسرائیل و باشووری لوبنان.
 
رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، حیزبوڵڵا لە چەند راگەیێندراوێکی یەک لە دوای یەکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان "وەڵامێک بوون بۆ دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل کە گورزیان لە دەیان شار و شارۆچکەی لوبنانی داوە، بە گەڕەکێکی باشووری بەیرووتیشەوە." 
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، لە 2ی ئادارەوە تاوەکو رۆژی شەممە، 826 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 106 منداڵ و 65 ژن هەبوون.
 
حیزبوڵڵا روونیکردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان تانکێکی مێرکاڤایان لە باکووری گرتووخانەی خەیام بە مووشەکی ئاراستەکراو پێکاوە و "راستەوخۆ پێکاویانە"، هەروەها تانکێکی دیکەی مێرکاڤا لە پڕۆژەی تەیبە لێیدراوە و "بینراوە کە دەسووتێت."
 
هەروەها بە مووشەک لە بلدۆزەرێکی جۆری D9 لە ناوچەی پڕۆژەی تەیبە دراوە و "راستەوخۆ پێکراوە". بنکەی ئاسمانیی بەلماخیم لە باشووری تەلئەبیب کراوەتە ئامانج کە 140 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنانەوە دوورە.
 
چەکدارانی حیزبوڵڵا بە مووشەکباران، گردبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیلیان لە سەربازگەی ئەڤیڤیم، خەلە ئەلمەحافیر لە سنووری شارۆچکەی عەدەیسە، گردی ئەلعەجل لە باکووری کێڵگەی کفر یوڤال، پڕۆژەی تەیبە و نزیک گرتووخانەی خەیام لە باشووری لوبنان داوە.
 
بە مووشەکباران، حیزبوڵڵا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە مەعالوت تەرشیحا، کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی سەر بە کۆمپانیای ڕافائێل لە باکووری ناوچەی ئەلکریوت و کێڵگەی نەهاریا لە باکووری ئیسرائیلی پێکاوە.
 
هەروەها بنکەی کتساڤیا لە گۆلانی داگیرکراو، بنکەی لۆجستیی تسنۆبار لە گۆلانی داگیرکراو، سەربازگەی کیلەع لە گۆلانی سووریا، کێڵگەی ئەڤیڤیم و کریات شمۆنە لە باکووری ئیسرائیل و بنکەی مێرۆن بۆ چاودێری و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان لە باکووری ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
 
بە گولـلەهاوەنیش، سەربازانی ئیسرائیل لە خاڵی جیبیا بەرامبەر شارۆچکەی سنووریی مەیس ئەلجەبەل و کۆبوونەوەی ئۆتۆمبێل و سەربازان لە گردی خەزان لە شارۆچکەی عەدەیسە لەسەر سنووری لوبنان-فەلەستین لێیان دراوە.
 
بە کۆمەڵێک درۆنی خۆکوژی، حیزبوڵڵا کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ئیسرائیلی لە خەلە ئەلعەقسا لە سنووری شارۆچکەی عەدەیسە و بنکەی مێرۆن بۆ چاودێری و بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی لە باکووری ئیسرائیل پێکاوە. 
 
رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵا دەستپێکردنی هێرشی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل راگەیاند، ئەمەش دوای هێرشێکی واشنتن و تەلئەبیب بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، هەروەها وەک وەڵامێک بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لەدوای ئاگربەستی تشرینی دووەمی 2024.
 
هەر لە هەمان رۆژدا، ئیسرائیل هێرشەکانی فراوانتر کرد و گەڕەکی باشووری بەیروتیشی گرتەوە، لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی باشوور و رۆژهەڵاتی وڵات، دواتر لە 3ی ئاداردا، دەستی بە چوونەناوەوەی سنوورداری وشکانی لە باشوور کرد.