فەرماندەی سێنتکۆم: زیاتر لە 100 کەشتیی سەربازیی ئێرانمان تێکشکاندوون


رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، وردەکاریی نوێی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی "توورەیی داستانئاسا" بڵاوکردەوە و دەڵێت، زیاتر لە 100 کەشتیی جەنگیی ئێرانیان تێکشکاندووە.

رۆژی دووشەممە، 16-03-2026، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دوایین پێشهاتەکانی شەڕی دژ بە ئێرانی خستە ڕوو. کوپەر سەرەتا رێزی لەو سەربازە ئەمریکییانە گرت هەفتەی رابردوو لە رووداوی فڕۆکەی KC-135 گیانیان لەدەستدا و گوتی: "خزمەت و دڵسۆزیی بێوێنەی ئەوان ئیرادەمان بەهێزتر دەکات."
 
"6000 گەشتیی جەنگی لە 16 رۆژدا"
 
فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کرد، 16 رۆژە "هێزێکی ئاگرینی بێوێنەیان" رەوانەی قووڵایی خاکی ئێران کردووە: "تاوەکو ئەمڕۆ، فڕۆکەوانەکانی هێزی ئاسمانی، دەریایی و مارێنز، زیاتر لە 6 هەزار گەشتی جەنگییان ئەنجامداوە؛ ئەمەش باڵادەستیی تەواوی ئێمە لە ئاسمانی ئێراندا دەسەلمێنێت."
 
بەگوێرەی گوتەکانی کوپەر، تەنیا لە هێرشەکانی رۆژی هەینی رابردوو بۆ سەر دوورگەی خارگ، زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازی، لەوانە کۆگاکانی مینی دەریایی و مووشەک خاپوور کراون.
 
تێکشکاندنی بنکە پیشەسازییەکان
 
براد کوپەر ستراتیژیی نوێی ئەمریکای لەم شەڕەدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "شتێکە بەرگری بکەیت لە رێگەی لێدان لە سەکۆکانی هاوێشتن، بەڵام شتێکی دیکەیە کە تەواوی ئەو دەزگا فراوانەی بەرهەمهێنان کە لە پشت ئەو چەکانەوەیە، لەناو ببەیت. ئێمە ئەمڕۆ رێک ئەوە دەکەین."
 
بۆ یەکەم جار، فەرماندەی سێنتکۆم وێنەی مانگە دەستکردەکانی پیشاندا و گوتی: "ئەمە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی درۆنی هێرشبەرە لە تاران و ئەوەشیان کۆگای سەربازیی یەزیدییە کە بۆ بەرهەمهێنانی تۆرپیدۆ بەکاردەهات؛ وەک دەبینن دوای هێرشەکانمان تەنیا وێرانەیان لێ ماوەتەوە."
 
"ئێران هێرشی کردووەتە سەر 12 وڵات"
 
کوپەر گوتی: "لە دوو هەفتەی رابردوودا، ئێران هێرشی کردووەتە سەر عومان، سعودیە، ئیسرائیل، ئوردن، قوبرس، تورکیا، ئازەربایجان، ئیمارات، قەتەر، عێراق، کوێت و بەحرێن. لەو هێرشانەدا زیاتر لە 300 جار بە ئەنقەست سڤیلە بێتاوانەکان کراونەتە ئامانج."
 
فەرماندەی سێنتکۆم بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر تەلئەڤیڤ و گوتی: "رژێمی ئێران هێرشێکی سەرکێشانەی بە بۆمبی هێشوویی کردە سەر گەڕەکە سڤیلەکانی تەلئەڤیڤ، کە جۆرە تەقەمەنییەکی هەڕەمەکییە. ئێمە شانبەشانی هاوبەشەکانمان دەوەستین بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانمان."
 
کەشتیگەلی ئێران لەبەردەم هەڕەشەدا
 
لەبارەی ئاسایشی دەریاوانییەوە، ئەدمیراڵ کوپەر جەختی کردەوە کە "زیاتر لە 100 کەشتیی جەنگیی ئێرانمان تێکشکاندووە و هێشتا کارەکانمان تەواو نەبووە. بەردەوام دەبین لە پەکخستنی تواناکانی ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئازادیی دەریاوانی لە تەنگەی هورمزدا."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، براد کوپەر دەستخۆشی لەو 50 هەزار سەربازە ئەمریکییە کرد کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون و بەتایبەت باسی لە رۆڵی تیمە لۆجستییەکان کرد و گوتی: "هیچ سوپایەک لەسەر زەوی نییە وەک سوپای ئەمریکا شارەزای لۆجستی بێت؛ ئەوان وا دەکەن ئەم هێزە ئاگرینە 24 کاژێر بەردەوام بێت."