ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەمینی "سنووردار"ی لە باشووری لوبنان دەستپێکرد


رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی زەمینی "سنووردار و ئامانجدار" بۆسەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیێندراوی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانی فیرقەی 91ی سوپا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکە کردووە بۆسەر پێگە سەرەکییەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، ئەوەش بە ئامانجی "بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی پێشەوە".
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵە بەرگرییە فراوانەکان بۆ لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا و کوشتن یان دوورخستنەوەی ئەو چەکدارانەی لە ناوچەکەدان، تاوەکو وەک خۆی دەڵێ، هەڕەشەکان لەسەر دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل نەمێنن.
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە پێش چوونە نێو ناوچەکە، تۆپخانەکان و هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەندین ئامانجی حیزبوڵڵایان تۆپباران کردووە بۆ ئەوەی مەترسییەکانی سەر هێزە زەمینییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کەم بکەنەوە.
 
لوبنان لە 2ی ئاداری ئەم ساڵەوە چووەتە نێو جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کاتێک حیزبوڵڵای لایەنگری ئێران لە وەڵامی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل کرد. لەو کاتەوە ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانیی چڕی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە دراوسێیەی و هێزەکانی رەوانەی ناوچە سنوورییەکان کردووە.