گەشتەکانی فڕۆکەخانەی دووبەی دەستیان پێکردەوە؛ ئێران 1900 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیمارات کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دوای پەککەوتنی گەشتەکان بەهۆی "رووداوێکی پەیوەندیدار بە درۆن" و ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی سووتەمەنی، گەشتە ئاسمانییەکان بەرە بەرە دەستیان پێکردەوە.
 
ئاگرکەوتنەوە لە نزیک فڕۆکەخانە
 
کۆمەڵگەی فڕۆکەخانەکانی دووبەی لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، دوای راگرتنی کاتیی گەشتەکان وەک رێکارێکی خۆپارێزی، گەشتەکان بۆ چەند شوێنێکی دیاریکراو دەستیان پێکردەوە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی دووبەی ئاماژەی بەوە کرد کە "رووداوێکی درۆنی" بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە تانکییەکی سووتەمەنی لە نزیک فڕۆکەخانە، بەڵام تیمەکان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ بریندارێکیش نەبووە.
 
ژمارەیەک هاووڵاتی رایانگەیاند، نزیکەی کاژێر 10:00ی بەیانی دووکەڵێکی چڕی رەشیان بینیوە کە لە ئاسمانی فڕۆکەخانەوە بەرزبووەتەوە. گەشتیارێک لە نێو فڕۆکەخانە باسی لەوە کرد کە دوای هێرشەکە، بۆ چەند کاژێرێک گەشتیارەکانیان بۆ نهۆمی خوارەوە گواستەوە.
 
کاریگەری لەسەر گەشتەکان و رێگەوبان
 
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئیمارات رایگەیاند، بە خشتەیەکی سنووردار کاردەکات و هەندێک گەشتیش هەڵوەشێندراونەتەوە. 
 
هاوکات پۆلیسی دووبەی رایگەیاند کە رێگەی سەرەکیی فڕۆکەخانەیان بۆ ماوەیەکی کاتی بە رووی هاتوچۆدا داخستووە.
 ئەم هێرشانەی سەر دووبەی دوای ئەوە دێن کە رۆژی چوارشەممەی رابردووش دوو درۆن لە نزیک فڕۆکەخانە کەوتنە خوارەوە و بوونە هۆی برینداربوونی چوار کەس.
 
فراوانبوونی هێرشەکان لە ناوچەکەدا
 
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، لە نیوەشەوی رۆژی دووشەممەوە زیاتر لە 60 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان بەرپەرچ داوەتەوە.
 
ئێران لە سەرەتای جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە زیاتر لە 1,900 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیمارات کردووە، کە ئەمەش بەرزترین ژمارەی هێرشە بۆ سەر وڵاتێک لەلایەن تارانەوە.
 
هەرچەندە زۆربەی مووشەک و درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیماراتەوە دەخرێنە خوارەوە، بەڵام هێرشەکان کاریگەریی زۆریان لەسەر کەرتی گەشتیاری، فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی وزەی وڵاتەکە دروست کردووە.
 
تاوەکو ئێستا ئیمارات گیانلەدەستدانی شەش کەسی راگەیاندووە، کە چواریان مەدەنی و دوویان سەرباز بوون (سەربازەکان بەهۆی کەوتنی هێلیکۆپتەرێکەوە گیانیان لەدەستدا کە هۆکارەکەی بۆ گرفتی تەکنیکی گەڕێندرایەوە).