ئوردن بە دروستکردنی درێژترین ئاڵا دەیەوێت ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئوردن دەیەوێت بە دروستکردنی درێژترین ئاڵا ریکۆرد بشکێنێت و ناوی بچێتە کتێبی گینسەوە. ئاڵاکە 2132 مەتر درێژە و شەش مەتر پانە، لەسەر شەقامێکی شاری عەمانی پایتەختی ئەو وڵاتە دانراوە.
 
ئەو ئاڵایە دەبێتە درێژترین ئاڵای جیهان. هەڵبژاردنی 2132 مەتر درێژیی ئاڵاکەش وەکو هێمایەکە بۆ مێژووی ئوردن.
 
21 ئاماژەیە بۆ ساڵی 1921 کە تێیدا شازادە عەبدوڵڵای یەکەم، کە دەکاتە باوکی شا عەبدوڵڵای دووەمی پادشای ئێستای ئەو وڵاتە، شانشینی ئوردنی راگەیاند.
 
هەروەها ژمارە 32 هێمایە بۆ رۆژی 2ی مانگی 3ی هەمان ساڵ کە لەو رۆژەدا شازادە عەبدوڵڵای یەکەم، سەردانی عەمانی پایتەختی ئەو وڵاتەی کرد.
 
ئاڵاکە بەبۆنەی رۆژی ئاڵای ئەو وڵاتەوە دروستکراوە کە رۆژی 16ی نیسانە.