ترەمپ: دوای 34 ساڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل و لوبنان قسە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەرچەرخانێکی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان روودەدات و سەرکردەکانی هەردوو وڵات دوای زیاتر لە سێ دەیە، گفتوگۆ دەکەن. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، واشنتن میوانداریی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی ئاستبەرزی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و "هەژموونی ئێران" لە لوبنان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 16-04-2026، [چوارشەممە بە کاتی واشنتن] دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "هەوڵ دەدەین کەمێک هەناسە بۆ دۆخی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بگەڕێنینەوە. ماوەیەکی زۆرە هەردوو سەرکردەکە قسەیان نەکردووە، نزیكەی 34 ساڵ دەبێت. بەیانی [رۆژی پێنجشەممە] ئەوە روودەدات. نایابە."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی لە واشنتن رێکخست کە تێیدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ میشێل عیسا، باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان؛ یەحیێل لەیتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل و نەدا مەعوەز، باڵیۆزی لوبنان بەشدار بوون. ئەم دیدارە بە یەکەمین گفتوگۆی فەرمیی نێوان هەردوو حکومەت لە ساڵی 1993ـەوە دادەنرێت.
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی هەرسێ لایەن، واشنتن پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ پلانی حکومەتی لوبنان دەربڕیوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت، کۆتاییهێنان بە "هەژموونی زاڵی ئێران" لە ناو خاکی لوبناندا و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیری ئاشتی کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی 2024 فراوانتر بێت.
 
ئەمریکا رایگەیاند، هەر جۆرە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی دووژمنکارییەکان دەبێت تەنیا بە نێوەندگیریی واشنتن بێت نەک هیچ رێڕۆیەکی دیکە.
 
لە ناو کۆبوونەوەکەدا، ئیسرائیل داوای "چەککردنی هەموو گرووپە نا-دەوڵەتییەکان" (مەبەست لێی حیزبوڵڵایە) و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانیانی کرد تاوەکو ئاسایشی هاووڵاتیانی هەردوو وڵات بپارێزرێت.
 
لە بەرامبەردا، لوبنان جەختی لەسەر سەروەریی تەواوەتی و یەکپارچەیی خاکەکەی کردەوە و داوای کرد، رێکاری کۆنکرێتی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی وڵاتەکەی بگیرێتە بەر، کە بەهۆی جەنگەوە تووشی داڕمان بووە.
 
هەموو لایەنەکان رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی دانوستاندنی "راستەوخۆ" لە کات و شوێنێکدا کە هەمووان لەسەری کۆک بن. ئەمریکا بەڵێنی داوە، ئەم پڕۆسەی ئاشتییە دەبێتە هۆی رەوانەکردنی هاوکاریی گەورە و هاندانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ بنیادنانەوەی لوبنان.
 
ئەم پێشهاتە مێژووییە لە کاتێکدایە، ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان واشنتن و تاران لەرزۆکە.