ئاگربەستە 10 رۆژەییەکەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
رێککەوتنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە خولەکی یەکەمی رۆژی هەینی چووە واری جێبەجێکردنەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند، هەوڵدەدات بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دیدارێکی رووبەڕوو لە نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە واشنتن رێکبخات.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەم ئاگربەستە دوای زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی "نایاب" لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، هاتووەتە ئاراوە.
ترەمپ گوتی: "ئەم دوو سەرکردەیە رێککەوتن کە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی، ئاگربەستێکی 10 رۆژی دەستپێبکەن." پێشبینی دەکرێت لە ماوەی پێنج رۆژی داهاتوودا، نەتەنیاهوو و عەون لە کۆشکی سپی کۆببنەوە، کە ئەمە دەبێتە یەکەمین دیداری سەرکردەکانی هەردوو وڵات لە مێژوودا.
بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئەم ئاگربەستە دەرفەتێکە بۆ رێککەوتنێکی ئاشتیی "مێژوویی،" بەڵام جەختی کردەوە، ئیسرائیل "ناوچەیەکی ئەمنی" بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە ناو خاکی باشووری لوبناندا دەهێڵێتەوە. هەروەها چەککردنی حیزبوڵڵا مەرجێکی بنەڕەتیی ئیسرائیلە بۆ هەر جۆرە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
پەرلەمانتارێکی حیزبوڵڵا رایگەیاند، گرووپەکەیان "بە وریاییەوە" پابەندی ئاگربەست دەبێت ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکان رابگرێت. ئیبراهیم موسەوی، بەرپرسی حیزبوڵڵا گوتی: "ئەم ئاگربەستە نەدەبوو ئەگەر ئێران پرسی ئاگربەستی لوبنانی وەک مەرجێکی سەرەکی بەرامبەر بە کردنەوەی تەنگەی هورمز دانەنەنایە."
بۆردوومانەکانی ئیسرائیل تاوەکو چەند خولەکێک بەرلە دەستپێکردنی ئاگربەست بەردەوام بوون. لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر شارۆچکەی غازیە لە باشووری لوبنان، لانیکەم 7 کەس کوژران و 33ـی دیکە بریندار بوون.
هەر لە دەستپێکردنی جەنگ لە 2ـی ئادارەوە لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، زیاتر لە 2,000 کەس لە لوبنان کوژراون و زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارە بوون.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی جێهێشتنی کۆشکی سپی بەرەو لاس ڤێگاس رایگەیاند، واشنتن لە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران "زۆر نزیکە" دوای شەش هەفتە لە جەنگێکی وێرانکەر. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران، گەشت بۆ پاکستان بکات.
ئەم ئاگربەستە لە کاتێکدا دێت، باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لەم هەفتەیەدا لە واشنتن کۆبوونەوە، کە ئەمە یەکەم دیداری دیپلۆماسیی فەرمیی نێوانیان بوو لە ساڵی 1993ـەوە. ئێستا هەموو چاوەکان لە سەر تاران و واشنتنن تاوەکو بزانرێت ئایا ئەم ئارامییە کاتییەی لوبنان، دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی گشتگیری ناوچەکە یان نا.