بەرپرسێکی حەماس: ئامادەین بە مەرج دەستبەرداری غەززە بین

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس پشتراستیدەکاتەوە کە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ لە گفتوگۆی راستەوخۆدان و دەشڵێت، ئامادەن دەستبەرداری غەززە ببن.
 
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایدەگەیێنێت، بزووتنەوەکە بۆ ئەوەی کۆتایی بە بۆمبارانکردنی غەززە بهێنێت، "لەگەڵ هەندێک کەسایەتی لە ئیدارەی ئەمریکا لە پەیوەندی راستەوخۆدایە."
 
باسم نەعیم ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس دەیەوێت ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی ئیسرائیل و گیراوەکانی فەلەستین بکات، هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بچنە دەرەوە، رێگە بە کاروانی هاوکارییەکان بدرێت بۆ کەرتەکە و غەززە بەبێ ئەوەی دانیشتووانەکەی کۆچیان پێبکرێت، ئاوەدان بکرێتەوە. 
 
هەروەها ئەو بەرپرسەی حەماس بە میدیای ئەڵمانیای راگەیاندووە، بە ئەمریکییەکانیان گوتووە، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت، ئامادەن دەستبەرداری غەززە ببن. 
 
باسم نەعیم گوتی: "بە ئەمریکییەکانمان راگەیاندووە کە ئامادەین دەستبەرداری کۆنترۆڵی غەززە ببین، ئەگەر کۆتایی بە جەنگەکە بهێندرێت."
 
ئیسرائیل لە 2ی ئادارەوە رێگری لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە کردووە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 2.4 ملیۆن کەسە و لە 18ی هەمان مانگدا، دوای ئاگربەستێکی دوو مانگی، هێرشەکانی دەستپێکردەوە.
 
رێکخراوە ناحکومییەکان، لەنێویاندا پزیشکانی جیهان و پزیشکانی بێسنوور و ئۆکسفام، رۆژی 14ـی ئەم مانگە هۆشدارییان دا لە روودانی "مردنی بەکۆمەڵ بەهۆی برسیێتی" لە غەززە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بۆ کەرتەکە.
 
حەماس رۆژی پێنجشەممە ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە رێگری لە هەوڵەکانی نێوەندگیران بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتەکەدا لە رێگەی زیادکردنی "گوشاری سەربازی" لەسەر هاووڵاتیانی سڤیل.
 
دوای بانگهێشتکردنی دەیان هەزار سەربازی یەدەگ، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئایار رەزامەندیی لەسەر پلانێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتەکە و گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی دەربڕی. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، دەیەوێت ویلایەتە یەکگرتووەکان غەززە "وەربگرێت" و بیکاتە "ناوچەیەکی ئازاد".
 
ترەمپ لە قەتەرەوە روونیکردەوە: "روانگەی زۆر باشم بۆ غەززە هەیە، ئەویش: کردنیەتی بە ناوچەیەکی ئازاد،" گوتیشی: "شانازی دەکەم ئەگەر ئەمریکا خاوەندارێتی بکات و وەریبگرێت و بیکاتە ناوچەیەکی ئازاد."
 
بزووتنەوەی حەماسیش لە وەڵامدا رایگەیاند، "غەززە بەشێکی دانەبڕاوی خاکی فەڵەستینە و موڵکێک نییە لە بازاڕی ئازاددا بفرۆشرێت."